ئایا باژەڵە بۆ چارەسەری غازاتی منداڵ یان ئازاری سک بنەمای زانستی هەیە؟

تەندروستی

08/01/2022     ژمارەی بینراو 1198

ئایە باژەڵە کردارێکی تەندرووستە کە بۆ چارەسەرکردنی گریانی منداڵی تازە لە دایک بوو ئەکرێت؟
راچڵەکین-
 
پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی منداڵان و گەشەی منداڵان باس لە کرداری باژەڵە دەکات کە بەشێک لە دایکان و باوکان بۆ منداڵەکانیان بەکاریدەهێنن.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، دەشڵێت، باژەڵە نەک درووست نییە، بەڵکو ژیانی چەندین منداڵی ئەم ووڵاتەی کۆتایی پێهێناوە، سکی ئەو منداڵە بە مووس ئەبڕدڕێت تەنها لەبەر ئەوەی منداڵەکە حاڵەتێکی ئاسایی هەیە کە پێی ئەوترێت غازاتی منداڵ.

کرداری باژەڵە هەندێکجار التهابێکی زۆری خوێن درووست ئەکات کە چارەسەرەکەی زۆر گرانە و لەوانەیە بە مردنی منداڵەکە کۆتایی پێبێت.

نازانم چۆن وویژدانتان ڕێگەتان پێ ئەدات کە ئەو هەموو ئازارو مەترسیە بدەنە منداڵەکەتان تەنها لەبەر ئەوەی منداڵەکە بەهۆی حاڵەتێکی ئاسایی خەوتان لێ تێک ئەدات.
هەر بۆ زانیاریتان تا ئێستا لەم شارەی خۆماندا چەندین منداڵ بە ئازارێکی زۆرەوە مردووە لەبەر باژەڵە.

فەرموون بزانن غازاتی منداڵ چییە؟

کۆلیک یان غازاتی منداڵی تازە لەدایک بوو چیە؟ هۆکارەکەی ئەبێ چی بێت؟ چۆن بتوانین ئەم گریان و غازاتە کەم بکەینەوە؟
ئەوە پرسیاری کۆمەڵێک بەڕێزە ئێمەش هەوڵ ئەدەین بە درێژی باسی بکەین.
گریانە بۆ زیاتر لە ۳ کاتژمێر لە ڕۆژێکداو زیاتر لە ۳ ڕۆژ لەهەفتەیەکداو بۆ ماوەی زیاتر لە ۳ هەفتە.(یاسای ژمارە ۳ ی پێ ئەڵێن).
نزیکەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە ئەبێت، زۆربەی کات لە ئێوارەو شەودا پێش نیوە شەو ڕوو ئەدات.
لەتەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتە بڕی ئەو گریان و غازاتە ئەگاتە لووتکە.
ئەبێ هۆکارەکەی چی بێت؟
هەرچەندە هیچ هۆکارێکی دیاری کراوی نیە بەڵام ئەم شتانەی کە لە خوارەوە باسی ئەکەین لەوانەیە ئەو غازاتە زیاد بکەن:
۱-باش پێنەگەیشتنی سیستەمی مێشکو دەمار.
۲-هەستیاری زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.
۳-ئەو منداڵانەی کە شیری دایکیان ئەخۆن لەوانەیە هەندێک خواردن کە دایکی ئەیخوات هۆکار بێت بۆ زیاد بوونی غازات.
٤-ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو ئەخۆن لەوانەیە هەندێ پڕۆتینی ناو شیرەکەیان پێ نەکەوێت.
٥-زۆر شیر خواردن یان خێرا شیر خواردن.
٦-ئەو دایکانەی کە جگەرە لە کاتی سکپریەکە ئەکێشن ڕێژەی غازات لە منداڵەکانیاندا دوو ئەوەندە زیاد ئەکات.
۷-ئەگەر دوای شیر خواردنەکە نۆشی نەکات واتە نەی خەیتە سەر شانت بۆ نۆش کردن.
۸- منداڵێک کە کێشی کەم بێت لەکاتی لە دایک بووندا.
۹-ئەگەر منداڵەکە برسی بێت.
۱۰-ئەگەر منداڵەکە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە سوڕێنچکی.

چۆن بتوانین ئەم غازاتە کەم بکەینەوە؟
۱-پێویستە منداڵەکە زۆر لە باوەش بگریت تەنانەت ئەوکاتانەی کە نەشگریەت.

۲-ئەتوانی بتڵێک ئاوی گەرم یان مەمە شوشە ئاوی گەرمی تێدا بێت( بەمەرجێک زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەکە بگەیەنێت )، لەسەر سکی منداڵەکە دابنێ.

۳-دایکی شیردەر هەوڵ بدە منداڵەکەو لایەکی سنگت بەتاڵ بکاتەوە ئینجا بیبەیتە سەر لاکەی تر.

٤-هەوڵ بدە دەست بەسەر سکی منداڵەکەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی کاتژمێر.

٥-ئەو منداڵانەی کە شیری قووتو ئەخۆن باشترە جۆری شیرەکە بگۆڕن نەوەک هەستیاری هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.

٦-زوو زوو منداڵەکەت بخەرە سەر شانت.

۷-ئەتوانیت منداڵەکەت لەسەر سکی بیخەیتە سەر قاچەکانت، وەجووڵە بە قاچەکانت بکەیت بۆ ئەوەی ماساج بە سکی بکرێت.

۸-زۆر جار منداڵ کاتێک ئەیخەیتە ناو سەیارە و لەکاتی ڕۆیشتنی سەیارە منداڵەکە بێ دەنگ ئەبێت، بۆیە دایک و باوک سوودی زۆر لە سەیارە ئەبینن.

چ کاتێک پێویستە ترسمان هەبێت و پێویستی بە بینینی پزیشک بێت(ئەوانە نیشانەی غازات نین)؟

۱-ئەگەر تای هەبێت.
۲-پیساییەکەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت.
۳-ڕشانەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت.
٤-ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی کەمی کرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن