راچڵەكین -
حكومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا ماوەی مانەوەی سەربازانی وڵاتەكەی لە عیراق كە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش جێگیركراون، بۆ نۆ مانگی دیكە درێژبكاتەوە.
ستیفن هێبیستریت، وتەبێژی حكومەتی ئەڵمانیا، رایگەیاند، وڵاتەكەی بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەكانیان لەعیراق تا 31-10-2022
وتیشی:" بڕیارەكەی حكومەت، رەوانەی ئەنجومەنی یاسادانانی فیدراڵیی ئەڵمانیا دەكرێت بەمەبەستی گفتوگۆكردن و دواجار پەسەندكردنی".
ستیفن هێبیستریت ، ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەعیراق و هەرێمی كوردستان، بۆ 500 ئەفسەرو سەرباز كەمكراوەتەوە.
هێزەكانی ئەڵمانیا، كە لەچوارچێوەی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ لەدژی داعش، رەوانەی عیراق كراون، ئەركەكانیان تایبەتە بە مەشق و راهێنان و پێدانی راوێژی سەربازی بە سوپای عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە.