ئەمرۆ رۆژی جیهانیی شێرپەنجەیە

ڕاپۆرت

04/02/2022     ژمارەی بینراو 421

راچڵەکین-AA

رۆژی چواری شوباتی هەموو ساڵێک لە جیهاندا بە رۆژی جیهانیی شێرپەنجە دیاریکراوە و ساڵانە لە جیهاندا بە مەراسیمی جیاواز کار لەسەر هۆشیارکردنەوەی رای گشتی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە دەکرێتەوە.

لە دنیادا شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشییە باوە کوشندەکان و ساڵانە بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەس لەسەرانسەری جیهان تووشی شێرپەنجە دەبن و لە نێوان حەوت بۆ ١٠ ملیۆن کەسیش بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە گیان لەدەست دەدەن، ساڵانەش ئەو ئامارانە روو لە زیادبوون و هەڵکشانە، بەپێی ئاماری رێکخراوەکە شێرپەنجە لەسەر ئاستی دنیا بە دووەم کوشندەترین نەخۆشی دادەنرێت (دوای نەخۆشییەکانی دڵ).

رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی رایگەیاندووە ئەگەر رێژەی تووشبووان بەو خێراییەی ئێستا لە زیادبووندابێت پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی ٢٠٤٠ لە ساڵێکدا، ٢٥ ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجەببن.

بەپێی توێژینەوەکانی رێکخراوە تەندروستییە جیهانییەکان، هۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجە پیسبوونی رەگەزەکانی ژینگە، ژینگەی ناتەندروست، خواردنی ناتەندروست، جگەرەکێشان، خواردنەوە کحولییەکان، قەڵەویی، وەرزش نەکردن و شێوازی نارێکی ژیانە.

لە هەرێمی کوردستان ساڵانە سەدان کەس تووشی شێرپەنجە دەبن و سەدانیشیان بەهۆی نەخۆشییەکەوە گیان لەدەست دەدەن.

بەپێی دوا ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە رێژەی تووشبوانی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان ئاشکرا کردبوو، شەش هەزار و ٢٩٣ تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراوە، رێژەی لەسەدا ٤٨،٤یان لە هەولێر بووە کە دەکاتە سێ هەزار و ٥٠ کەس، لەسەدا ٤٠،٤ی تووشبووان لە سلێمانی بوون کە دوو هەزار و ٥٤٣ کەس بوون و لە دهۆک-یش ٧٠٠ تووشبوو تۆمارکراوە کە رێژەی لەسەدا ١١،١ی تووشبووانی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەنێو جۆرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، شێرپەنجەی مەمک زۆرترینیانە بەڕێژەی لەسەدا ١٨،٥٨ی تووشبووانی شێرپەنجە.

بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەرێمی کوردستان رێژەی تووشبووانی خانمان زیاترە لە پیاوان و لەسەدا ٥١ی تووشبووان ژن بوون و رێژەی لەسەدا ٤٨ یان لە رەگەزی نێربوون.

وا بڕیاریشە لە سەرەتای ئەم هەفتەیە وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئامارەکانی تووشبووانی شێرپەنجە بۆ ساڵی ٢٠٢١ لە هەرێمی کوردستان رابگەیەنێت.

ساڵانە لە جیهاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە لە رۆژی چواری شوبات مەراسیم و چالاکی جۆراوجۆر رێکدەخرێت، ساڵی ٢٠٠٠ دەستەی نێودەوڵەتیی کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە لە جیهاندا، بڕیاریدا ئەو رۆژە بکرێتە رۆژێکی جیهانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەکە و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و بۆ یەکەمین جاریش لە پاریسی پایتەخی فەڕەنسا بڕیارەکە جێبەجێ کرا.

ئامانج لە دیاریکردنی رۆژەکە هۆشیارکردنەوەی خەڵکە لەبارەی پشکنینە پێشوەختەکان، دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی شێرپەنجە بەرلەوەی بگاتە قۆناغە مەترسیدارەکان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن