32 ساڵە زامی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان ساڕێژنەبووە

ڕاپۆرت

16/03/2020     ژمارەی بینراو 967

راچڵەكین-

كیمیابارانی ھەڵەبجە لە كاتكۆ ١٠ و ٥٥ خولەكی رۆژی ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ لەلایەن رژێمی بەعس و لە رێگای فڕۆكەی جەنگییەوە بە بۆمبی كیمیایی دژبە ھاووڵاتییانی ئەو شارە ئەنجامدرا، لە ئاكامدا زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتی مەدەنی كە زۆرینەی ژن و منداڵ بوون شەھیدكران و ژمارەیەك منداڵ ون بوون و ژمارەیەكی زۆریش برینداربوون كە تا ئێستاش بە دەست برینەكانیان دەتلێنەوە.

كیمابارانكردنی ھەڵەبجە بە كارەسات و رووداوێكی مێژوویی دادەنرێت لە كۆتایی سەدەی رابردوودا كە تا ئێستاش ئاسەواری كارەساتەكە دیارە و رۆژانە منداڵە ونبووەكان دەدۆزرێنەوە كە ھیچ كەسێكیان لە ژیاندا نەماوە و سەردانی ئەو گۆڕستانەش دەكەن كە ناوەكانیان لەسەر كێلی گۆڕانەكاندا نووسراوە.

یەكێك لە سیمبولەكانی ھەڵەبجە، دیمەنی تراجیدیای عومەری خاوەرە، ئەو تەمەن ٥٤ ساڵەی كاتێك بۆنی غازی خەردەل رێگای پێ دەگرێت و خۆی بەسەر كۆرپەلەی باوەشیدا دەنووشتێنێتەوە و پێكەوە لەبەردەمی كۆسپەی حەوشەی ماڵێكدا گیانیان دەردەچێت.

بەشێكی زۆری ئەوانەی لە مەرگەساتی ھەڵەبجە رزگاریان بوو، رۆیشتنە وڵاتی ئێران و لە كەسوكاریان دابڕان و دوای 20 ساڵ لە كارەساتەكە، یەكەم ونبوونی ھەڵەبجە كە لەكاتی كیمیابارانەكە تەمەنی كەمتر لە ساڵێك بوو بەناوی عەلی ھەڵەبجەیی دۆزرایەوە و دوای پشكنینی دی ئێن ئەی توانی كەسوكارەكەی بدۆزێتەوە.

ئەوانەی لەو كارەساتە رزگاریان بووە، بەشی هەرە زۆریان بەدەست دۆخی تەندروستییانەوە دەناڵێن و تا ئێستاش چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەوانە نەدۆزراوەتەوە كە بەركەوتەی چەكی كیمایین.

ساڵانە لە رۆژی ١٦ی ئاداردا، جگە لە ھاووڵاتییانی ھەرێمی كوردستان، چەندین كۆنسولی بیانی لە ھەرێم و شاندی بیانی سەردانی مۆنیۆمێنتی ھەڵەبجە دەكەن و رێوڕەسمی تایبەت بەم كارەساتە بەڕێوەدەچێت، لە شوێنی رێوڕەسمەكەش بە زمانی عەرەبی نووسراوە، "ھاتنەژوورەوە بۆ بەعسییەكان قەدەغەیە".

بەپێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان، ھەموو ساڵێك لەم رۆژەدا، كاتكۆ ١٠ و ٥٥ خولەك وەك ماتەمینی بۆ ئەو كارەساتە، بۆ ماوەی پێنج خولەك جموجۆڵ لە شارەكان رادوەستێت و ئەمساڵیش بەھۆی راگەیاندنی قەدەغەكردنی ھاتوچۆ بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھیچ چالاكییەك ئەنجام نادرێت.

لەمبارەیەوە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ئەمساڵ بەھۆی پابەندبوون بە بڕیار و راسپاردەكانی دامەزراوە تەندروستییەكانی كوردستان و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەپێویستمان زانی ھاوشێوەی ساڵانی پێشوو ئەم یادە نەكەینەوە، بەڵكو بە شێوازی تر و بە پاراستنی تەندروستی و ژیان لە ھەڵەبجە و سەرتاسەری كوردستان، پەیامی زیندوێتی یادی شەھیدان بڵند رابگرین و لە ھەوڵەكانمان بۆ بەجیھانیكردن و ناساندنی تاوانی كیمیابارانی ھەڵەبجە وەك جینۆساید لەسەر ئاستی جیھان و كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەردەوام دەبین. 

عەلی مەحمود، چالاكوانی مەدەنی، لەبارەی دۆسێی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەو ئەو كەسانەی دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە دەڵێت دەڵێت:"لە ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠٠٣ سكاڵامان لەسەر بازرگان فڕانس ڤان ئەنرات نووسی لە ھۆڵەندا بەتۆمەتی ئەوەی هاوبەشی كۆمەڵكوژییەكەی هەڵەبجەی كردووە، كاتێك ئەو سكاڵایەمان نووسی، ئەو گەڕابووەوە هۆڵەندا چونكە پێشتر نیشتەجێی بەغدا بوو، دۆسیەكەی بردرا بۆ پەرلەمانی ھۆڵەندا لەلایەن پارتی سۆسیالیستەوە و دواتر لە پێنجی ١١ی ٢٠٠٤دا، چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنی ئەنجامدا و لەو چاوپێكەوتنە داوای لێبوردنی نەكرد كە چەكی كیمیایی بە رژێمی بەعس فرۆشتووە، ئیتر داواكاری گشتی دۆسیەی لەسەر كردەوە، لە ١٨ی شوباتی ٢٠٠٥ دادگای شاری رۆتردام دەستی پێكرد و دادگاكە بەردەوام بوو تا ساڵی ٢٠٠٩".  

عەلی مەحمود وتیشی: "سەرەتا لە خولی یەكەمی دادگادا، كارەساتی هەڵەبجە بە جینۆساید ناسێندرا لە دادگای شاری لاھای و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە رووی یاساییەوە دۆسیەكە داخراوە، بەڵام لە رووی قەرەبووكردنەوە بەردەوامە".

لەبارەی دۆسیەی بازرگانە هۆڵەندییەكەش، عەلی مەحمود گوتی: "بەشی قەرەبوو ھەر بەردەوامە تا ئێستاش، بەڵام لە بەشی یاسایی بە ١٦ ساڵ و نیو سزا درا بەتۆمەتی بەشداریكردن لە تاوانی جەنگ و تاوانی دژبە مرۆڤایەتی، هەروەها بە بڕی ٢٥ ھەزار یورۆ بۆ ھەر قوربانییەك سزا دراوە، سزا یاساییەكەی تەواوكردووە، بەڵام بۆ بابەتی قەرەبووكردنەوە تا ئێستا دەڵێت توانای داراییم نییە و دۆسیەكە بەردەوامە".

پارێزگای ھەڵەبجە بە دووری ٨٣ كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی-یەوە. رووبەرەكەی ھەزار و ٥٩٩ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە، لە باكووری رۆژھەڵات و باشوورەوە، بە چیاكانی ھەورامان و شنروێ و باڵامبۆ دەورەدراوە. بەدرێژایی ٧٥ كیلۆمەتر ھاوسنوورە لەگەڵ وڵاتی ئێراندا. دەشتی شارەزوور كە بە یەكێك لە دەشتە بەپیت و ناودارەكانی جیھان دەناسرێت، بەشێكی گەورە لە رووبەری ئەم پارێزگایەی پێكھێناوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن