زێڕینگەرانی بازاڕی قەیسەریی هەولێر پیشەكەیان بۆ نەوەی داهاتوو دەگوازنەوە

ڕاپۆرت

18/02/2022     ژمارەی بینراو 567

راچڵەكین –

زێڕینگەران لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر لە رێگای گواستنەوەی پیشەی زێڕینگەری بۆ نەوەكانیان بەردەوامی بەو پیشەیە دەدەن و دەشڵێن: زۆربەی بەرهەمەكانی زێڕینگەرانی قەیسەری توركین.

بازاڕی قەیسەری، دەكەوێتە بەرامبەر قەڵای هەولێر، ناوی خراوەتە لیستی میراتی كلتوری یونسكۆ، مێژوویەكی نزیكەی 200 ساڵەی هەیە و بووەتە یەكێك لە سیمبولە دیارەكانی هەولێر.

بازاڕی قەیسەری كە بە هونەری تەلارسازییەكەی لە بازاڕی سەرداخراو "Kapalı Çarşı"ی ئیستانبوڵ دەچێت، سەدان دوكان لەخۆ دەگرێت كە جگە لە چەندین كەلوپەل و كاڵای لێكجیاوازی وەك جلوبەرگی كوردی، كوتاڵ، شەربەت و بەهاراتی لێ دەفرۆشرێت، هەروەها چەندین دوكانی زێڕنگریشی لێیە.

 

چوار نەوەیە پیشەیان زێڕینگرییە

زێڕینگەرێك كە ئەو پیشەیەی لە باپیرییەوە فێر بووە، ئاماژە بەوە دەدات كە دەیەوێت منداڵەكانیشی فێری ئەو پیشەیە ببن.

زێڕینگەرەكان ئاماژە بەوە دەدەن لەگەڵ هاتنی بەهاردا، بازاڕیان گەرمتر دەبێت و بەشێكی زۆر لە بەرهەمەكانیشیان لە توركیاوە دێن. هەروەها زۆربەی ئەوانەی دەچنە ناو دوكانی زێڕینگەرەكان ژنان و ئەو كچ و كوڕە دەسگیراندارانەن كە زۆری نەماوە هاوسەرگیری بكەن. 

حاجی كامەران یەكێكە لەو زێڕینگەرانەی بازاڕی قەیسەری ھەولێر، كە ئەم پیشەیەی لە باوك و باپیرییەوە بۆ ماوەتەوە.

حاجی كامەران ئاماژەی بەوە دا كە زیاتر لە 100 ساڵە ئەم كارە دەكەن و باوك و باپیری پێشتر لە قەیسەری فەرشیان فرۆشتووە و دواتر لای زێڕینگەرێكی (جوو) فێری پیشەی زێڕینگەری بوون.

كامەران، باسی لەوە كرد كە پیشەی زێڕینگەری لە باوكی و باپیریەوە بۆ ماوەتەوە، چوار نەوەیە لە بازاڕی قەیسەری شاری هەولێر سەرقاڵی ئەم پیشەیەن و دەشیەوێت دوای خۆی مناڵەكەی جێگەی بگرێتەوە.

ئەو زێڕینگەرە، ئاماژەی بەوەشدا كە زۆربەی كڕیارەكانیان بووك و زاوان و لە شاری بەغدادیشەوە هەندێك كڕیاری تایبەتیان هەیە، ئەو بووك و زاوایانەشی بۆ زەماوەندەكانیان زێڕ دەكڕن بەگوێرەی بوودجە و توانایان لە 20 مسقاڵەوە تا 200 مسقاڵ زێڕ دەكڕن.

زۆرینەی بەرهەمەكان لە توركیاوە هاتوون

یەكێكی دیكە لە زێڕینگەرەكانی بازاڕی قەیسەری، ناوی حەسەن مەلەكە، لە ساڵی 1979دا لەگەڵ باوكی دوكانی زێڕینگەرییان داناوە و دواتر دوكانی خۆی كردوەتەوە.

ئەو زێڕینگەرە ئاشكرایكرد كە زۆربەی زماوەندەكان لە وەرزی بەهاردا ساز دەكرێن و ئەمەش بەشێوەیەكی ئەرێنی كار لە بازاڕ دەكات، وتیشی "زۆرینەی بەرهەمەكان لە توركیاوە دێن، بەتایبەت بەرهەمەكانی ناو دوكانەكەی خۆم هەمووی بەرهەمی توركیان".

حەسەن مەلەك، باسی لەوەش كرد كە هاوشێوەی هاوپیشەكانی دیكەی، پێی خۆشە دوای خۆی پیشەی زێڕینگەری بۆ منداڵەكانی جێبهێڵێت.

زێڕینگەرێكی دیكەی بازاڕی قەیسەری ناوی زەیدان قەسابە و لە ساڵی 1991ەوە دەستی بەم پیشەیە كردووە، زۆرینەی كڕیارەكانیشی دانیشتووی شاری هەولێرن.

ناوبراو لە بارەی كارەكەیانەوە ئەوەی ئاشكرا كرد كە لە رابردوودا فرۆشیان لە نێوان 300-500 گرامدا بووە، بەڵام لە ئێستادا فرۆشیان كەم بووەتەوە بۆ 50-200 گرام.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن