ژمارەی شەهیدەكان خاوەندارێتی داستانی كۆڕێ یەكلا دەكەنەوە

ڕاپۆرت

11/04/2022     ژمارەی بینراو 595

ئاوات كۆكەیی

سەیرە، ساڵانێكە پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی كردووە بە خاوەنی داستانی كۆڕێ، ئەو داستانەی كە بە فەرماندەیی راستەوخۆی هەردوو سەركردەی دیاری یەكێتی (هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی و شەهید حەسەن كوێستانی) دژی هێزە هێرشبەرەكانی سوپای عیراق لە كۆڕەودا تۆماركرا و تیایدا هێزەكانی دیكەی بەرەی كوردستانی هەر یەكەیان بە ژمارەیەكی كەم بەشداریان كرد بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە، زۆربەی هەرەزۆری هێزەكە پێشمەرگەی یەكێتی بوو بە تەنیا.

ساڵانەش لە دوای 1991ەوە راگەیاندنی یەكێتی بە شێوەیەكی بەرفراوان یادی هەردوو داستانی (ئەزمڕ)ی لە سلێمانی و (كۆڕێ)ی لە هەولێر كردۆتەوەو فەرماندەكان و پێشمەرگە بەشداربووەكان لە تەلەفزیۆن و رادیۆو رۆژنامەدا بە وردی باسیان لە چۆنێتی تۆماركردنی هەردوو داستانەكە كردووە، بەتایبەت لە داستانی كۆڕێدا، ئەو ساڵانەی یەكێتی یادەوەرییەكانی بەرز رادەگرت، پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێستا خۆ بەخاوەنزانی داستانی كۆڕێ هیچ باكیشی نەبوو، بەڵام دواتر بەهۆی دۆخی دوای شەڕی ناوخۆ و دابەشبوونی ناوچەكان بەسەر یەكتریدا كە كۆڕێ دووربوو لە سنووری یەكێتی، دەرفەتێك بۆ پارتی هاتە پێشەوە تا خۆی بەخاوەنی داستانی كۆڕێ پیشان بدات.

باشە ئەگەر ئەو خاوەنێتی، بۆچی ساڵانێكی زۆر بێدەنگ بوو بەرامبەر گێڕانەوەی مێژووی داستانەكە؟، ئەوكاتەی یەكێتی بە پڕۆگرامی تایبەت یادی داستانی كۆڕێی دەكردەوە، بۆچی راگەیاندن و پاڵەوانەكانی ئەوان ببوونە ئاشی ئاولێبڕاو؟!.

بەڕاستی سەیرە، شتێك هی خۆت نەبێت و بێدەربەستانە بانگەشەی خاوەندارێتی ئەو شتە بكەیت.

جارێ بەر لەهەر شتێك دەبێ ئەوە بڵێین، سروشت و واقیعیەتی شەڕێكی ئاوا لەو كاتەدا هەر لە یەكێتی دەوەشایەوە، چونكە یەكێتی لە 1976ەوە هێزی یەكەمی كوردستان و خاوەنی گەورەترن شۆڕشی چەكداری بوو، رێكخەرو رێبەڕی راپەڕینی 1991 بوو، ئینجا ئەگەر بەراوردێك بكەین دەبینین شەڕو داستانەكانی پێشتری یەكێتی لەگەڵ داستانەكانی كۆڕێ و ئەزمڕدا وەك دیوەكانی یەك دراون و لە یەك چاوگ-ەوە نەخشەیان كێشراوە.

لەهەمووشی گرنگتر هەر خودی ژمارەو ناوی شەهیدەكان دەیسەلمێنن كێ لە داستانی كۆڕێدا خودانە؟، ئاخر مەعقول نییە لە 11 شەهیدی سەربەزی داستانەكە، نۆ دانەیان هی یەكێتی بن و لایەنی تر دوای چەندین ساڵ لەو مێژووە بێت و بڵێت: من خاوەنی داستانەكەم!.

لێرەدا خوێنی هەریەك لە شەهیدان (موحسین، فاخر، فاروق، فەرهاد، فەرەج، سەڵاح، هەمزە، كاروان، یونس) مۆری گەش و رووسووری سەر پەڕاوی خاوەندارێتی داستانەكەن كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئەمە جگە لە بریندارەكان كە ژمارەیان 37 برینداربوو و دیسان زۆربەیان هەڤاڵی یەكێتی بوون.

پاشان هەر یادداشتەكانی خودی شەهیدی سەركردە حەسەن كوێستانی شتێكی نكوڵی لێنەكراوە سەبارەت بە خاوەندارێتی داستانەكە بۆ یەكێتی.

شەهید حەسەن كوێستانی كە فەرماندەو بەشداربووی راستەوخۆی شەڕەكەیە، ساڵی 1993 یادداشتەكانی خۆی لە گۆڤاری (سرهلدان) بەناوی (یادشاتی شەڕ لە شەڕگەی كۆڕێ دا) بڵاوكردۆتەوە، ئەو یاداشتانەی شەهید كوێستانی بە وردی باسی كۆڕەو و دەستپێكردنی هێرشەكانی دوژمن دەكات، پاشان دێتە سەر بەرگریی پێشمەرگە لە دەربەندی كۆڕێدا و دیسان بە وردی باسی لەهەر لایەن و هێزێك كردووە كە بەشدارییان تێكراكردووە، هەر لایەنەو بەپێی قەبارەی بەشداربوونی لەشەڕەكەدا، شەهید كوێستانی باسی كردووە.

یەكێكی دیكە لە بەڵگە گرنگەكانی ئەو بابەتە، بیرەوەرییەكانی مامۆستا كەریم ئەحمەدی سكرتێری پێشووتری حزبی شیوعی كوردستانە، من دەقی قسەكانی بەڕێزی نانووسمەوە با نەبێتە جێی گومانی خوێنەرو بڵێن بابەتی هەڵەی گواستنەوەو كۆپی كردنە، خوێنەران خۆیان با ئەسڵی دەقەكە ببینن.

یەكەم شەڕ لە كۆڕێ

رۆژی 4/4/1991 رژێمی بەعس شاری هەولێری داگیركردەوەو خەڵكەكەی بەرەو سنوور بەڕێكەوتن و هێزەكانی بەرەی كوردستانی بەرەو شاخی پیرمام كشانەوە، لە رۆژی 7/4دا رژێم پەلاماری پیرمامی داو گرتی و دوای ئەوە بەرەو كۆڕێ كەوتە پێشڕەوی.

ئەوكاتە هێزی پێشمەرگە بەگشتی شێواو و دابڕابوون، رژێم بە سوود وەرگرتن لەوە پەلاماری دەربەندی كۆڕێی دا، بەڵام پێشتر كە شەهید ‌حەسەن كوێستانی و پێشمەرگەكان چاوەڕێیان دەكردو بۆی چووبوونە بۆسەوە، لێیان دێنە دەست و لە یەكەم دەستڕێژدا سوپای دوژمن دەشكێت و دەبابەش بەجێدەهڵێن.

بەوجۆرە شەڕی یەكەمی كۆڕێ روویداو بووە رێگر لەبەردەم پێشڕەوییەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگە هێڵی بەرگریی دامەزراندو سەنگەر لێدرا.

دووەم شەڕ لە كۆڕێ
بەرەبەیانی رۆژی 11/4/1991 سوپای عیراق لە چەندین لاوە هێرشی بۆسەر سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە دەستپێكرد لە دەربەندی كۆڕێ، دوژمن توانی لە چەند قۆڵێكەوە پێشڕەوی بكات و زۆر سەنگەری دەوروبەریش بگرێت، بەڵام هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی زۆر بەتوندی لێیان هاتنە دەست و جگە لەوەی نەیانهێشت دەربەندەكە بگرێت، ئەو شوێنانەی گرتبووشیان لێیان سەندرایەوە، ژمارەیەكی زۆریش سەبازی عیراق كوژران و چەك و تەقەمەنییەكی زۆرتریش دەستكەوتی پێشمەرگە بوو.

ئیتر بۆ دژمن دەركەوت كە پێشمەرگە سەرەڕای بارودۆخی كۆڕەو، توانای بەرگریی ماوەو بگرە دەكرێ هێرشی پێچەوانەش بكاتە سەر دوژمن.

ئیدی ئەوە دوایین شەڕبوو لەنێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەی بەرەی كوردستانیدا، كە هێزی زاڵی شەڕەكە هی یەكێتی بوو و فەرماندەی گشتیی شەڕەكەش هەڤاڵ كۆسرەت رەسوڵ عەلی بوو.

هاشوهووشی میدیایی ناتوانێ پێناسەی خاوەندارێتی بدات بە كەس، ئەم هەڵمەتە بێ بنەمایەی ئەوان رەنگە بۆماوەیەك بتوانێ خۆڵ بكاتە چاوی كەمێك لە خەڵك و زۆرینەی ئەندامان و لایەنگرانی خۆیانەوە، بەڵام هەركات باس بێتە سەر باسی بەڵگەو دەلیل، ئەوا باسەكە جۆرێكی دیكە دەكەوێتەوەو ئەوان ناتوانن خۆیانی لە قەرە بدەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن