بەکتریای گەدە چییە و مرۆڤ چۆن تووش دەبێت؟

تەندروستی

22/04/2022     ژمارەی بینراو 6907

راچڵەکین-

زۆرێک لە خەڵکی بە هەڵە پێی دەڵێن (ڤایرۆسی گەدە) لە کاتێکدا ڤایرۆس نییە و بەکتریایە، ناوی هێلیکۆ باکتەر پایلۆریە، بە هۆی پێکهاتە تایبەتەکەی، دەتوانێ بچێتە چینەکانی ناوەوەی دیواری گەدە و پشتێنێکی تفت بە دەوری خۆیدا دروست بکا بۆ پارێزگاریکردن لەخۆی و لەناونەچوونی لە بەرامبەر ترشەڵۆکی بەهێزی گەدە .

-چۆن دەگوازرێتەوە؟
لەڕێگەی بەریەکەوتن بە لیک و ڕشانەوەی کەسی تووشبوو ، یاخود پیسایی کەسی تووشبوو، یاخود خواردنی پیسبوو بە بەکتریاکە، دەکرێ بچێتە ناو لەشتەوەو تووشی بیت، بەڵام لە ڕێگەی هەواوە ناگوازرێتەوە . 
هەروەها لە دایکێکی تووشبووەوە بۆ کۆرپەی ناو سکی ناگوازرێتەوە ، بەڵام دەکرێ لە ڕێگەی شیرپێدانەوە بۆ منداڵ بگوازرێتەوە .

-هەوکردنێکی زۆر باوە لەناو خەڵکدا بە شێوەیەک نزیکەی 50% خەڵک ئەو بەکتریایە لەناو گەدەیان هەیە ، هەندێکیان نیشانەیان هەیەو بەشێکی زۆریش سەڕەڕای بوونی بەکتریاکە لەناو گەدەیان هیچ نیشانەیەکیان نیە .

نیشانەکانی بە شێوەیەکی گشتی بریتین لە هێڵنجدان، رشانەوە، ژانەسک، دڵەکزێ، سکچوون، و بوونی بۆنێکی ناخۆش لە دەم. 

-مەترسی بوونی ئەو بەکتریایە چیە لەناو گەدە؟ 
دەبێتە هۆی دروستبوونی برینی گەدە (قرحة المعدة) ، هەوکردنی گەدە ، هەندێک جاریش هۆکارە بۆ سەرهەڵدانی شێرپەنجەی گەدە .
هەروەها هۆکارێکە بۆ کەم بوونی ڕێژەی خوێن و ماددەی ئاسن لە جەستە و بێتاقەتی و سەرە سوڕە .

-چۆن دەستنیشان دەکرێ؟
باشترین و وردترین دوو ڕێگا بریتین لە پشکنینی هەناسەو پشکنینی پیسایی ، لە ڕێگەی خوێنیشەوە دەکرێ دەستنیشان بکرێ بەڵام کەمتر پشتی پێدەبەسترێ .

-چارەسەر چیە؟
دوو ڕێگایە :
یەکەم : دەرمان ، بۆ ماوەی 10 ڕۆژ تا 2 هەفتە کە لە لایەن پزیشکەوە دیاری دەکرێ 
دووەم : دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی هەندێ خواردن و خواردنەوەی وەکو خواردنی قوڕس و چەور ، خواردنی ترش و تیژ ،  خواردنەوەی چا و قاوە ، خواردنەوە گازییەکان و خواردنەوەی کحولی .

چەند تێبینیەکی گرنگ:
-دوای تەواوبوونی کۆرسی چارەسەر پێویستە نەخۆش بۆ ماوەی 4 هەفتە چاوەڕێ بکات دوای ئەوە پشکنین دووبارە بکاتەوە بۆ دڵنیابوونەوە لە لەناوچوونی بەکتریاکە.
- ئەوانەی پشکنینی بەکتریای گەدە دەکەن، ئاگادار دەکرێنەوە بەوەی نابێت لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو هیچ دەرمانێکی گەدەو لە ماوەی 4 هەفتەی ڕابردوو هیچ جۆرە دەرمانێکی هەوکردنیان بەکارهێنابێت .
دکتۆر، شێروان کۆساری
پزیشکی شارەزای گشتی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن