راوێژكارێكی مستەفا كازمی: بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی گفتوگۆی لەسەر ناكرێت

عێراق

07/05/2022     ژمارەی بینراو 256


راچڵەكین-

راوێژكارێكی تەكنیكی سەرۆكوەزیرانی عیراق دەڵێت، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی لەبارەی دۆسێی نەوتی هەرێم هیچ كفتوگۆیەك هەڵناگرێت. دەشڵێت:" هەرێمی كوردستان ناتوانێت بیر لە جێبەجێ نەكردنی بكاتەوە."

هەیسەم جبوری، لەلێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەی بەوەكرد:" حكومەت و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق مافی سازشكردنیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی نییە كە تایبەتە بە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، ئەمەی دواییش پێویستە دەقی بڕیارەكە جێبەجێ بكات، نەك گفتوگۆكردن لەسەر ناوەڕۆكەكەی یاخود جێبەجێنەكردنی."

وتیشی:" بودجە چارەسەری كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم ناكات، لەبەرئەوەی بڕگەكانی جێبەجێ ناكرێن، لەهەمان كاتدا ناكرێت یاسای بودجە بڕیاری لێبدرێت بەبێ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی."

ئەوەش لەكاتێكدا دێت هەر ئەمڕۆ ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عیراق لە كۆبوونەوەیەكیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەكەیدا رایگەیاند، نەرمی زۆریان نواندووە بەرامبەر هەرێمی كوردستان سەبارەت بەدۆسێی نەوت بەڵام سوودی نەبووە. وتیشی:" بڕیارەكەی دادگەی فیدڕاڵی وەكو خۆی جێبەجێ دەكەین."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن