هەموو شتێک لەسەر تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان و عیراق بزانە

چاوپێکەوتن

11/05/2022     ژمارەی بینراو 1188

راچڵەکین-

وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆى پارێزگاى هەولێر، باس  تابلۆی نوێی ئۆتۆمبێل دەکات و دەڵێت: لەم سیستەمە نوێیەداا جگە لە گۆڕینى قەبارەى تابلۆکە، ناوی پارێزگاکانی لەسەر لادەبرێت و لەبری ئەوە بۆ هەر پارێزگایەک پیتێک دانراوە و لەگەڵ ناوی عێراق و بۆپاراستنی تایبەتمەندییەکانی هەرێم و جیاکردنەوەی لە عێراق، لەسەر تابلۆکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەنووسرێت (KR).

فازڵ حاجی وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆى پارێزگاى هەولێر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری باس لە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل  و نرخەکەی دەکات لە لایەن هاووڵاتییانەوە، و ئاماژە بەوەدەکات، پێشتر ئەو دوو تابلۆیەی کە هاووڵاتی لە ئۆتۆمبێلەکەى دەبەست، ٥٠ هەزار دینارى تێدەچوو، بەڵام بۆ ئەم تابلۆ نوێیە ٦٠ هەزارە. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلەى کە پێشتر تۆمار کرابێت، ئەگەر ساڵیانەکەی بەسەر چوو بێت، ٦٠ هەزار دینار و سزاى بەسەرچوونەکەى تێدەچێت، بەڵام ئەگەر بەسەر نەچووبێت و هاووڵاتی خۆی بیەوێت نوێی بکاتەوە تێچووەکەی دەبێتە دوو هێندە.

ڕۆژی ۲٤ نیسانی۲٠۲۲، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق دەستی بە کارکردن لە سیستەمی نوێى ژمارە تابلۆى ئۆتۆمبێل کرد کە سیستەمێکی گشتگیرە و ڕێککەوتنی لەسەر کراوە لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ.

وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر دەشڵێت:"لە سیستەمە نوێیەکەدا جگە لە گۆڕینى قەبارەى تابلۆکە، ناوی پارێزگاکانی لەسەر لادەبرێت و لەبری ئەوە بۆ هەر پارێزگایەک پیتێک دانراوە و لەگەڵ ناوی عیراق و بۆپاراستنی تایبەتمەندییەکانی هەرێم و جیاکردنەوەی لە عێراق، لەسەر تابلۆکانی هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەنووسرێت (KR)"

دەقی چاوپێکەوتنەکە

هاووڵاتیان چۆن ژمارەى تابلۆکانیان بزانن؟
فازڵ حاجی: ئه‌و تابلۆیانه‌ى كه‌ ئێستا ته‌رخان كراون له‌ ژماره‌ (١ تا ٩٩٩٩٩) پیتى (A) بۆ ژماره‌كه‌ زیاد ده‌كرێت و هه‌مان ژماره‌ى خوى بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌.

ـ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى كه‌ ئێستا تابلۆیان بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ ژماره‌ (١٠٠,٠٠٠، ٢٠٠,٠٠٠، ٣٠٠,٠٠٠، ٤٠٠,٠٠٠، ٥٠٠,٠٠٠، ٦٠٠,٠٠٠، ٧٠٠,٠٠٠، ٨٠٠,٠٠٠، ٩٠٠,٠٠٠) دووباره‌ تابلۆیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌ و ژماره‌ى دووه‌م له‌ لاى چه‌پ لاده‌درێت و پیتی (M)ى بۆ زیاد ده‌كرێت.

ـ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى ئێستا تابلۆیان بۆ ته‌رخان كراوه‌ له‌ ژماره‌ (١٠٠,٠٠١) تا دوایین ژماره‌ دووباره‌ تابلۆیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێته‌وه‌ و ژماره‌ى دووه‌م له‌ لاى چه‌پ لاده‌درێت و پیتێكى بۆ زیاد ده‌كرێت به‌ پێى ئه‌م پیتانه‌ى خواره‌وه‌ به ‌پێى ژماره‌ى دووه‌م كه‌ لابراون (0B, 1C, 2D, 3E, 4F, 5G, 6H ,7J, 8K, 9L).

ـ ژماره‌ى سێیه‌م له‌ لای چه‌پ لاده‌برێت ئه‌گه‌ر لابردنى ژماره‌ى دووه‌مى لاى چه‌پ ببێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ گشت ژماره‌كانى تابلۆ وه‌ك یه‌ك لێ بێت (ژماره‌ى نایابى وه‌ك یه‌ك) و پیتى (M)ی بۆ زیاد ده‌كرێت.

ـ تەنیا پیتی (i)ى کەپیتاڵ بەکار ناهێنرێت، چونکە بە ژمارە (١) دەخوێندرێتەوە و ئەمەش لە سیستەمی جیهانی وایە.

بۆ گۆڕینى تابلۆی کۆن چەند پارە پێویستە؟
فازڵ حاجی: پێشتر ئەو دوو تابلۆیەی کە هاووڵاتی لە ئۆتۆمبێلەکەى دەبەست، ٥٠ هەزار دینارى تێدەچوو، بەڵام بۆ ئەم تابلۆ نوێیە ٦٠ هەزارە. بۆ ئەو ئۆتۆمبێلەى کە پێشتر تۆمار کرابێت، ئەگەر ساڵیانەکەی بەسەر چوو بێت، ٦٠ هەزار دینار و سزاى بەسەرچوونەکەى تێدەچێت، بەڵام ئەگەر بەسەر نەچووبێت و هاووڵاتی خۆی بیەوێت نوێی بکاتەوە تێچووەکەی دەبێتە دوو هێندە.

بە کام تابلۆ سەفەر بۆ دەرەوەى وڵات دەکرێت؟
فازڵ حاجی: ئەگەر هاووڵاتی خۆی بێت و داوای تابلۆی نوێ بکات بە مەبەستی سەفەرکردنی بۆ دەرەوەی وڵات، ئەوا ئەو تابلۆیەى پێ دەدرێت کە پێشتر دەدرا بۆ سەفەر، بەڵام ئەگەر ئۆتۆمبێلەکەى تازە تۆمار کرابێت و یا خۆى بخوازێت، بە سیستەمی نوێ تابلۆی پێ دەدرێت و دەتوانێت سەفەرى پێ بکات، هەرچەندە پێویستیشى بە دەفتەری چوونە دەرەوەی گومرگ دەبێت. سەبارەت بە گەشتکردن بۆ ناوەراست و خوارووی عێراق، هاووڵاتی بەم تابلۆ نوێیە زۆر بە ئاسایی دەتوانێت سەفەر بکات، چونکە ئەم سیستەمە لە تەواوی عێراق وەک یەکە.

کرین و فرۆشتن بە تابلۆ نوێیەکە دەکرێت؟
فازڵ حاجی: کڕین و فرۆشتن بە ئۆتۆمبێلەوە دەکرێت بەڵام بۆ بەناوکردن و مامەڵەی گواستنەوەی خاوەنداریەتیی ئۆتۆمبێلە ژمارە نوێیەکە، لە شارەکەى خۆیان دەبێت.

ئۆتۆمبێلە لێدراوەکان تابلۆی نوێیان پێ دەدرێت؟
فازڵ حاجی: لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەى ژمارەی کاتین و شاسییان لێ دراوە، لە کوردستان و دوبەى پشکنینی هاتووچۆیان بۆ دەکرێت. هەر ئۆتۆمبێلێک لە ئەمریکا و ئەوروپا هێنرابێتە هەرێمی کوردستان، ئەگەر لەرێگەی دوبەی لێدرابێت و پشکنین و هەزەیان بۆ دەکرێت، گەر کێشەیان لە شاسییەکانیان نەبێت ڕاستەوخۆ تۆمار دەکرێن، بەڵام لە بوونى هەر تەقین و بڕینەوەیەک لە شانسییەکەیان، تۆمار ناکرێن.
ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل کە هەیە، کێشەی بۆ خەڵک دروست کردووە. ئێستا حکومەت هەوڵی چارەسەرکردنى دەدات و کێشەکە گەیێنراوەتە وەزارەتی ناوخۆ و لەوانەیە لە ئایندەیەکی نزیک چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.

هەر تابلۆیەکى نوێ بە چەند خوولەک دروست دەکرێت؟
فازڵ حاجی: ماوەی دروستکردنی تابلۆکان و کاتی وەرگرتنەوەیان زۆر کەم بووەتەوە. کاتێک هاووڵاتی مامەڵەکەی تەواو دەکات پسوڵەکەی وەردەگرێت، ڕاستەوخۆ دەچێت بۆ کارگەی دروستکردن و بەستنی تابلۆ و لەماوەی نیو کاتژمێر بۆى تەواو دەکرێت.

ئەگەر هاووڵاتى تابلۆکەى ون بوو، چی بکات؟
فازڵ حاجی: ئەگەر یەکێک لە تابلۆکان ون بێت ئەوە لەلای پۆلیسی ونبووەکان پەڕاوێک دەردەچێت بۆ ونبوونی یەک لە تابلۆکان و ئەو کات دروست دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر هەردوو تابلۆکە ون بن، ئەوە مانای دزراوە، چونکە لەیەک کاتدا هەردوو تابلۆ ون نابن، بۆیە لەوکاتەدا پەڕاوی بنکەکانی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی دەوێت.

تۆماری تایبەتمەند چۆنە؟
فازڵ حاجی: ئەگەر هاووڵاتی بیەوێت یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خۆی بۆ نموونە پیتی ناوی خۆی یان کەسێکی ئازیزی یا منداڵێکی لەسەر تابلۆکە دابنێت، ئەوە ڕسوماتی دەوێت کە بڕەکەی دوو ملیۆن دینارە. سەبارەت بە ساڵی لەدایکبوون یان تابلۆ ناوازەکان ئەوانە مەزاد دەکرێن بەپێی سیستەمی هەموو عێراق، ئەوکاتە هاووڵاتی بەشدار دەبێت و هەر کەسێک زیاتر پارەی پێ بدات دەدرێت بەو، چونکە بۆ ساڵی لەدایکبوون بەهەزاران کەس لە ساڵێکى دیاریکراو لەدایک بوون، بەڵام تابلۆکە دەدرێتە تەنیا یەک کەس، بۆیە مەزادى بۆ دەکرێت و بەگوێرەی پارەکە وەری دەگرێت، ئەو پارەیەش دەچێتەوە سەر داهات و وەک پەرەپێدانی هاتووچۆ خەرج دەکرێتەوە بۆ شارەکان. لە بارەی مەزادەکەش پاڵپشت بە بڕیارەکانی یاسای کرین و فرۆشتنی مۆڵک و ماڵی دەوڵەت دەبێت بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و بەرێوەبەرایەتیی هاتووچۆ بێت. پێش لە مەزادەکەش ئاگادارى بۆ ژمارەکە و کاتى مەزادەکە ئاگادار دەکرێتەوە لە میدیاکان.

قەبارەی تابلۆکان گۆڕانى بەسەردا دێت؟
فازڵ حاجی: قەبارەى تابلۆ نوێیەکە لەگەڵ تابلۆکانی پێشتر جیایە. تابلۆ نوێیەکە دوو جۆرە. جۆرێکیان درێژیەکەی ٥۲ سانتیمەتر بە ۱۲ سانتیمەترە و جۆری دووەمیشیان بچووکتر و شێوەی لاکێشەییە، بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەى سیستەمی ڕاداریان هەیە یا کێشەی شوێنی تابلۆیان هەیە، دەتوانن ئەوە داوا بکەن و بیبەستن، بەشێوەیەکی گشتی تابلۆ درێژەکە دەبەسترێت.

ئەمنییەتی تابلۆکان چۆنە؟
فازڵ حاجی: سەبارەت بە ئەمنیەتی تابلۆکان، بەداخەوە ئەوانەی پێشتر دەتوانرا لاسایی بکرێتەوە یان لەسەری دروست بکرێتەوە، بەڵام ئەم تابلۆ نوێیە زۆر ئەستەمە و بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت دروست بکرێتەوە لەبەر ئەوەی هۆڵۆگرامێکی لەسەرە کە دەدرێتە بەر تیشکی ڕۆژ و شێوەکەی دەگۆردرێت، جگە لەوەش بەدرێژایی تابلۆکە هێڵێک لە چەند شوێنێکی تابلۆکە بە ڕەنگێکى سپی هەیە کە لەسەری نووسراوە حکومەتی هەرێمی کورستان و کەس ناتوانێت ئەوە دروست بکاتەوە، هەروەها جۆری پلێتەکەش جۆرێکە لەگەڵ ئەوانی تر جیایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن