کازمی: گرنگی بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا دەدەین

عێراق

23/05/2022     ژمارەی بینراو 149

راچڵەکین-

سەرۆکوەزیرانی عیراق، رایگەیاند، گرنگی زۆر بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا دەدات، وڵاتەکەی ھەوڵدەدات ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا پتەوتر بکات.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق بڵاویکردووەتەوە کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عیراق، لەگەڵ شاندێکی پەرلەمانی ئەورووپا بەسەرۆکایەتی ناتالی لۆیزۆ.، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە پەرلەمانی ئەورووپا کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، کازمی جەختیکردووەتەوە کە عیراق گرنگی زۆر دەدات بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، ھەوڵدەدات ھاریکارییە ھاوبەشەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا پتەوتر بکات، بەتایبەتیش لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، شەڕی دژبە داعش و پەرەپێدان بە توانا سەربازییەکانی عیراق لە بواری مەشق و راھێناندا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە  سەرۆکوەزیرانی عیراق جەختی لەسەر گرنگی فراوانکردنی کاری نێردەی یەکێتیی ئەورووپا لە عیراق کردووەتەوە بە ئامانجی بنیاتنانی توانای دامەزراوە ئەمنییەکانی عیراق و ھاریکارکردن لە دۆسیەی رووبەڕووبوونەوەی کۆچی نایاسایی، تاوانی رێکخراو و لەناوبردنی بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر.

هەروەها ناتالی لۆیزۆ، رایگەیاندووە کە یەکێتیی ئەورووپا وەک ھاوبەشێکی گرنگی سەرەکیی و نێودەوڵەتیی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەیری عیراق دەکات و بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ سەقامگیری ناوچەکەشی دەزانێت، هەروەها بەردەوامیش دەبن لە یارمەتییدانی عیراق لەشەڕی دژ بە تیرۆر.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، هەردوولا شەڕی رووسیا-ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و ئایندەی ئەورووپا و لەسەر بازاڕی وزە و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکیان لە جیھان تاوتوێ کردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن