كار بۆ لابردنی حەلبوسی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت

عێراق

21/06/2022     ژمارەی بینراو 166

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

راچڵەكین –

پەرلەمانتارێكی پێشووی سوننە، هێرشێكی توند دەكاتە سەر سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و بە مەترسی بۆسەر پرۆسەی سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی تۆمەتباری دەكات، راشیدەگەیەنێت، پێویستە كار بكرێت بۆ دوورخستنەوەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

مشعان جبوری، پەرلەمانتاری دوورخراوەی ئەنجومەنی نوێنەران عیراق، لە تویتێكدا، نووسیویەتی: لەمیانی ئەزموونێكی كورتی كاركردنم لەگەڵ محەمەد حەلبوسی، بۆم دەركەوت كە مانەوەی ئەم كەسە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان، مەترسییەكی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی دروستدەكات.

جبوری ئاشكراشیكردووە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، پۆستەكەی بەكاردەهێنێت بۆ چوونە ناو جومگەكانی دەوڵەت و گوشارخستنەسەر دەسەڵاتی بڕیاردران، هەر لەو چوارچێوەیەشدا هەژموونی بەسەر لیژنەی دارایی پەرلەماندا سەپاندووە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عیراق، كە لەم خولەی پەرلەماندا بەهۆی ساختەبوونی بڕوانامەكەی، لە ئەندامیەتی پەرلەمان دەركرا، راشیگەیاندووە، لەبەر ئەم هۆكارانە، لەئێستادا كاركردن بۆ دوورخستنەوەی حەلبوسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و گۆڕینی بە كەسێكی دیكە، ئەركێكی نیشتمانییەو دەبێ هەنگاوی بۆ بنرێت.

مشعان جبوری، لەم خولەی پەرلەمانی عیراقدا یەكێك بوو لە ئەندامە دیارەكانی هاوپەیمانیی سەروەریی سوننەكان بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی و بەردەوام پێداگری لەسەر ئەوە دەكرد كە دەبێ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ پارتی بێت و ئەوان دەنگ بە كاندیدی ئەو حزبە دەدەن، بەڵام دوای لێسەندنەوەی مافی ئەندامیەتی پەرلەمان بەهۆی ساختەبوونی بڕوانامەكەی، سەرۆكی پەرلەمانی بەوە تۆمەتباركرد كە دەستی لەو بابەتەدا هەبووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن