ئێران داوای خوێنی زانا ئەتۆمییە كوژراوەكانی لە ئەمریكا دەكات

جیهان

23/06/2022     ژمارەی بینراو 308

راچڵەكین –

دادگایەكی ئێرانی بڕیارێكی لەدژی ئەمریكا دەركردو بەپێی بڕیارەكەش، دەبێ واشنتۆن بڕی زیاتر لە چوار ملیار دۆلار وەك قەرەبووی تیرۆركردنی زانا ئەتۆمییەكانی ئێران بداتە كەسوكارەكانیان.

میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، یاریدەدەرییەتی كاروباری نێودەوڵەتی بۆ دەسەڵاتی دادوەریی و لیژنەی مافەكانی مرۆڤی ئەو وڵاتە، بڕیاری كۆتایی لەبارەی كەیسی تیرۆركردنی زانا ئەتۆمییەكانی ئێران دەركردو تێیدا ئیدارەی ئەمریكای بە تێوەگلان لەو كارە تیرۆركارییانە تاوانباركرد.

لە بڕیارەكەدا، ئیدارەی ئەمریكاو ژمارەیەك بەرپرسی ئەو وڵاتە ئیدانەكراون و لەسەریشیان سەپێندراوە كە دەبێ بڕی چوار ملیارو 300 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبووی دارایی بدەنە كەسوكاری ئەو زانا ئەتۆمییانەی ئێران، كە لەماوەكانی رابردوودا تیرۆركران.

لەبڕیارەكەی دادگا ئێرانییەكە، ناوی هەریەك لە باراك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمریكاو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەو وڵاتەو چەند بەرپرسێكی باڵای دیكەی ئەمریكا، وەك تاوانبار هاتووە كە دەستیان لە كردەوە تیرۆركارییەكان هەبووە.

لەساڵانی رابردوودا، چەندین زانای ئەتۆمیی ئێران بەهۆكاری جیاجیا كوژران، لەوانەش موحسین فەخری زادە، گەورە زانای بواری فیزیای ناوەكی، كە لەمانگی 11ی ساڵی 2020 لەناوچەیەكی نزیك تاران، هێرشكرایە سەر ئۆتۆمبیلەكەی و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن