توركیا.. گومانلێكراوی ئاگرەكەی دارستانی مارماریس دەستگیركرا

جیهان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 76

راچڵەكین –

هێزەكانی توركیا كەسێكیان بە تۆمەتی كردنەوەی ئاگرەكەی دارستانی مارماریس دەستگیركرد، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەڵێت: تۆمەتبارەكەی دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.

ماوەی سێ رۆژە ئاگرێكی گەورە لە دارستانەكانی مارماریس لە پارێزگای مۆگلا (باشووری رۆژئاوای توركیا) كەوتووەتەوەو تیمەكانی بەرگری شارستانیی ئەو وڵاتەش لەهەوڵەكانیان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەو رێگری لە تەشەنەسەندنی بەردەوامن.

سولەیمان سۆیڵو، وەزیری ناوخۆی توركیا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا  رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ 23-6-2022، هێزەكانی ئاسایش و جەندرمە، كەسێكیان دەستگیركردووە كە گومان دەكرێت هۆكاری سەرەكیی كەوتنەوەی ئاگرەكە بووبێت.

بەوتەی وەزیری ناوخۆی توركیا، گومانلێكراوەكە، كە خەڵكی مارماریسەو تەمەنی 34 ساڵە، لەمیانی لێكۆڵینەوەكاندا دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو رایگەیاندووە كە بەهۆی ناكۆكییەكی بازرگانیی كۆن لە ناوچەكەو بەهۆی ناكۆكییەكی خێزانی، تووڕە بووە و ئاگرەكەی كردووەتەوە، تەنانەت ویستوویەتی خۆیشی بكوژێت.

سولەیمان سۆیڵو باسی لەوەشكردووە، جگە لە دەستگیركردنی گومانلێكراوەكە، دوو دەبە بەنزینیش لە شوێنی رووداوەكە دۆزراوەتەوە، كە پێدەچێت ئاگرەكە بە بەنزین كرابێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن