تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموون لە جیهاندا ١٨ هەزاری تێپەڕاند

تەندروستی

28/07/2022     ژمارەی بینراو 250

راچڵەكین-

رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی بەرزبوونەوەی ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیموونی بۆ سەرووی ١٨ هەزار حاڵەت راگەیاند.

تیدرۆس ئادناهۆم گیبریسیۆس، بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوەكە، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەی كە لە ناوەندی رێكخراوەكە لە جنێڤ ئەنجامیدا، دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە پەتای ئاوڵەی مەیموونی راگەیاند.

تیدرۆس ئادناهۆم گیبریسیۆس ئاماژەی بەوە كرد رێكخراوەكەیان تا ئێستا ١٨ هەزار حاڵەتی تووشبوونی لە ٧٨ وڵات پشتڕاستكردووەتەوەو وتی: "لە سەدا ٧٠ی حاڵەتەكانی تووشبوون لە ناوچەی ئەورووپای رێكخراوی تەندروستیی جیهانییە و لە سەدا ٢٥یش لە ناوچەی هەردوو ئەمریكایە".

گیبریسیۆس باسی لەوە كرد، تائێستا 10%ی حاڵەتەكان رەوانەی نەخۆشخانەكان كراون:"ئەگەر وڵاتان، كۆمەڵگەكان و كەسەكان ئەم مەترسییە بە جددی وەربگرن و رێكاری پێویست بگرنە بەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی، ئەوا دەتوانرێت ئەم پەتایە رابگیرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی، جەختی لەوە كردەوە ئاوڵەی مەیموون جگە لە پەیوەندیی سێكسیی نێوان پیاوان، لە رێگەی ماچكردن و بەكارهێنانی خاولی و سەرچەفی پیسیشەوە دەگوازرێتەوە و وتی: "رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی ئامۆژگاری ئەو كەسانە دەكات كە تووشی ئاوڵەی مەیموون بوون یان مەترسیی تووشبوونیان لەسەرە، خۆیان بكوتن".

تیدرۆس ئادناهۆم گیبریسیۆس زانیاری ئەوەیدا كە لە ئێستادا ڤاكسینی (MVA-BN) لە كەنەدا، یەكێتیی ئەوروپا و ئەمریكا بۆ ئاوڵە پەسەند كراوە و وتی: "كار لەسەر ڤاكسینەكانی (LC16) و (ACAM2000) بۆ ئاوڵەی مەیموون دەكرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن