رووسیا هەڵوێستی لەبارەی دەستپێكردنی ھەناردەی دانەوێڵەی ئۆكراینا ئاشكرا دەكات

جیهان

01/08/2022     ژمارەی بینراو 299

راچڵەكین –

وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی رووسیا (كرملین)، پێشوازی لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی هەناردەكردنی گەنم و دانەوێڵەی ئۆكراینا بۆ جیهان دەكات و دەڵێت: كارێكی ئەرێنییە.

ئەمڕۆ دووشەممە، لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەی نێوان رووسیا، ئۆكراینا، توركیاو نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ هەناردەكردنی گەنم و دانەوێڵەی ئۆكراینا، یەكەمین كەشتی بارهەڵگری گەنم، لە بەندەری ئۆدیسای ئۆكرایناوە بەرەو بازاڕەكانی جیهان بەڕێكرا.

میدیاكانی رووسیا بڵاویان كردەوە، دمیتری پێسكۆڤن وتەبێژی كرملین لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە، بەڕێكەوتنی یەكەم كەشتی كە بە دانەوێڵە باركراوە لە ئۆكرایناوە، كارێكی زۆر ئەرێنییە و دەرفەتێكی نوێیە بۆ تاقیكردنەوەی ئەو میكانیزمانەی كە لە میانی دانوستانەكاندا لە ئیستانبوڵ رێككەوتنیان لەسەر كراوە.

پێشتر وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاندبوو لە میانی رێككەوتننامەی رەوانەكردنی دانەوێڵەدا، سبەی یەكەمین كەشتی كە لە بەندەری ئۆدیساوە بەڕێ كەوتووە، دەگاتە ئیستانبوڵ.

وەزارەتی بەرگریی توركیا ھەروەھا راشیگەیاندبوو "كەشتییەك بە ناوی رازۆنی بەمەبەستی گەیشتن بە بەندەری تەرابلوس باكووری لوبنان لە ئۆدیساوە بەڕێ كەوتووە و چاوەڕوان دەكرێت كەشتییەكە دووی ئاب بگاتە ئیستانبوڵ، دوای ئەنجامدانی پشكنین بۆ كەشتییەكە لە ئیستانبوڵ، بەردەوام دەبێت لە رۆیشتنەكەی".

لە ٢٢ی تەمووزی رابردوودا، بەچاودێری هەریەك لە سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گۆتێریس لە رێورەسمێكدا، بەڵگەنامەیەكی دەستپێخشەریی بۆ ھەناردەكردنی دانەوێڵە لە بەندەرەكانی ئۆكراینا لەنێوان توركیا، رووسیا، ئۆكراینا و نەتەوە یەكگرتووەكان واژووكرا.

لە رێككەوتننامەكەدا، پاراستنی ھەناردەكردنی دانەوێڵە كە لە بەندەرەكانی ئۆكرانیا لە دەریای رەش گیریان خواردووە لە رۆژھەڵاتی ئەورووپاوە بۆ جیھان دەستەبەركراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن