رێگری لە چوونی تیمێكی پزیشكی بۆ دەروازی باشماخ دەكرێت

کوردستان

25/03/2020     ژمارەی بینراو 424

راچڵەكین

تیمێكی تەندوستی سەر بە نەخۆشخانەی پێنجوێن سەردانی دەروازەی باشماخ دەكات بەمەبەستی توندكردنی رێكارەكانی دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، سەرۆكی تیمەكەش رایدەگەیەنێت، لەلایەن لێپرسراوی دەروازەكەوە رێگەمان پێنەدرا كارەكانی خۆمان بكەین.

د.خالید عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن و سەرۆكی بۆردی تیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سنوری ئەو قەزایە، روونكردنەوەیەك لەبارەی چوونی تیمەكانیان بۆ دەروازەی باشماخ و رێگری لێكردنیان لەلایەن لێپرسراوی دەروازەكە بڵاودەكاتەوەو وردەكارییەكە دەخاتەڕوو.

دەقی روونكردنەوەكە:

ڕوونكردنەوەی تیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە پێنجوێن سەر بە نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن

لەڕۆژی 24-3-2020، تیمەكانی تەندرووستی سەر بە نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن، كە پێكهاتبوو لە سێ تیمی تایبەت و هەر تیمێك بەسەرپەرشتی پزیشكێكی پسپۆڕ سەردانی دەروازەی باشماخمان كرد بۆ توندوتۆڵكردنی ڕێكارەكانی  تەندروستی و كەمكردنەوەی بەركەوتن تا نزمترین ئاست و داخستنی ئەو بەشانەی قەرەباڵغی زۆر دروستدەكەن و كەمكردنەوەی ژمارەی ئەو كارمەندانەی كە دەوامیان زەروور نییەو لێپیچنەوە لە هەموو ئەو شۆفێرو خواردنگانەی پابەندنین بە ڕێنمایییە تەندروستییەكانەوەو ڕێگریكردن لەو ئۆتۆمبیلانەی لەبەردەم دەروازە بە نایاسایی شۆفێری ئێرانی دەهێننە ناو پێنجوێن.....هتد.

بەڵام بەداخەوە بەفەرمانی لیوا مەریوان ل.دەروازەی باشماخ، بۆ ماوەی زیاتر لە 20 خولەك ڕێگەمان پێ نەدرا بچینە ژورەوە ،وە پێیان ووتین تەنها ڕێگە بە بەڕێوەبەری تەندروستی و دوو كەسی تر دەدرێت!!!!! لەكاتێكدا تیمەكە نزیكەی 15 كەس بووین و سەرجەممان كەسانی تەندروستی بووین.

لەبەر ئەوە لەسەر فەرمانی د.خالد، بەڕێوەبەری تیمەكان گەڕاینەوە.

بۆ زانیاری هەموولایەك، ل.دەروازە بەفەرمی ئاگاداركراوەتە لەپلان و ژمارەو كاتی سەردانی تیمەكان و بەهیچ شێوەیەك ل.دەروازە مافی ئەوەی نییە ژمارەی تیم دیاری بكات و تەداخولی ئیشی تیمەكان بكات و بەمەزاجی شەخسی خۆی ئیش بكات لەم كات و ساتە هەستیارەدا.

ئەمە لەكاتێكدا ڕۆژانە چەندان هاوڵاتی ئاسایی بەناو دەروازەی مەرزی باشماخدا دێن و دەچن و هەندێكیشیان هیچ باجێكیان نییە.

د.خالد عبداللە
بەڕێوەبەری تەندروستی پێنجوێن و سەرۆكی بۆردی تیمەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سنوری پێنجوێن

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن