د. سامان بەرزنجی: هەر كەسێك كێشەی كۆئەندامی هەناسەدانی هەبێت..وەك گومانلێكراو لێی دەڕوانین

کوردستان

26/03/2020     ژمارەی بینراو 844

راچڵەكین-

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیاند، لەپارێزگای هەڵەبجە رێكای زۆر باش لەدژی كۆرۆنا گیراوەتەبەر، لەداهاتووشدا وەك پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئامێری پشكنینی كۆرۆنا بۆ هەڵەبجە دابیندەكرێت. 

 د.سامان بەرزنجی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26-3-2020 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە رایگەیاند:" بەخۆشحاڵیەوە بەهۆی ئەو رێكارانەی گیراونەتەبەر لە هەرێمی كوردستان رۆژانە ئەوانەی تووشی ڤیارۆسەكە دەبن كەمن و زۆرنین، هەروەها رێژەی چاكبوونەوەش لەئاستێكی باشدایە."

ئەوەشی خستەڕوو:" لەئێستادا تەنها گەشتیار گومانلێكراو نیە، بەڵكۆ هەر كەسێك كێشەی كۆئەندامی هەناسەدانی هەبێت ، لای ئێمە وەك گومانلێكراو لێی دەڕوانین تا ئەنجامی پشكنینەكە دەردەچێت."

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد:" ئەگەر هەرێمی كوردستان بەراوورد بكەین بە شارەكانی دیكەی عیراق دەبینین لەهەموو شارەكانی عیراق تەنها دوو ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەیە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان لەهەر سێ پارێزگاكە ئامێرەكە بوونی هەیە و لەداهاتووشدا لەپارێزگای هەڵەبجە ئەو ئامێرە دادەنرێت."

وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان وتی:" هەر پشكنینێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا 150 هەزار دینار تێچووەكەیەتی، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین زۆرترین پشكنین بۆ هاووڵاتیان بكەین بۆ ئەوەی رێگەبگرین لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پێویستە هاووڵاتیان خۆشیان هۆشیار بن و لەماڵەوە بمێننەوە."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن