سەدان خێزانی تیرۆریستانی داعش دەگەڕێنەوە بۆ عیراق

عێراق

21/09/2022     ژمارەی بینراو 200

راچڵەكین –

لەچوارچێوەی رێككەوتنێكی نێوان هەسەدەو حكومەتی عیراق بۆ گەڕاندنەوەی خێزانی ئەو تیرۆرستانەی داعشە عیراقییەكان كە لە كەمپی هۆل نیشتەجێكراون، بڕیارە سبەی پێنجشەممە، 150 خێزانی دیكەی ئەو تیرۆریستانە بگەڕێندرێنەوە عیراق و لە كەمپێكی سنووری موسڵ نیشتەجێ دەكرێن.

شیروان دوبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا، بە میدیاكانی نزیك لە حزبەكەی راگەیاندووە، سبەی 22-9-2022، 150 خێزانی دیكەی تیرۆریستانی داعش، كە ژمارەیان زیاتر لە 450 كەس دەبێت، لە كەمپی هۆل-ەوە دەگوازرێنەوە بۆ كەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا.

پەرلەمانتارەكەی پارتی، ئاماژەی بەوەكرد، حكومەتی عیراق بڕیاریداوە سەرجەم كەسوكاری چەكدارە عیراقییەكانی داعش، كە ئێستا لە كەمپی هۆل لە سووریا نیشتەجێكراون و ژمارەیان بە زیاتر لە 30 هەزار كەس مەزەندە دەكرێت، بیانگەڕێنێتەوە بۆ عیراق و لەو كەمپانە نیشتەجێیان بكات، كە تایبەت بۆ ئەوان دروستكراوە.

ئەمەش لەكاتێكدایە، سەرەتای مانگی رابردوو، زیاتر لە 130 خێزانی چەكدارانی داعش كە بە رەگەز عیراقین و لە كەمپی هۆل لە رۆژئاوای كوردستان نیشتەجێكرابوون، گەڕێندرانەوە بۆ عیراق و لە كەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا نیشتەجێكران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن