گۆتێرێش زانیارییەکی مەترسیدار لەبارەی ئۆكراینا ئاشکرادەکات

جیهان

22/09/2022     ژمارەی بینراو 194

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان

راچڵەكین –

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، رەخنە لە رووسیا دەگرێت بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕ لە ئۆكرایناو رایدەگەیەنێت، هیچ ئاسۆیەك بۆ راگرتنی ئەو شەڕە نییەو 13 ملیۆن ئۆكراینیش پێویستییان بە هاوكاری مرۆیی هەیە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش، لە وتەیەكدا لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، كە تایبەتە بە بارودۆخی ئۆكرایناو تائێستاش بەردەوامە، بەدووری زانی شەڕی نێوان رووسیاو ئۆكراینا بەم زووانە كۆتایی پێ بێت و رایگەیاند: دۆخی هاووڵاتیانی ئۆكراینا روو لە خراپیی زیاترەو هیچ ئاسۆیەكیش نییە بۆ راگرتنی شەڕ لەو وڵاتە.

وتیشی:" لەئێستادا لانی كەم 13 ملیۆن هاوڵاتیی ئۆكراینا پێویستییان بە هاوكاری مرۆیی هەیە، هەربۆیە دەبێ هەموو هەوڵەكان بۆ راگرتنی شەڕ بێت لەو وڵاتە".

سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، مەترسی خۆی لەبارەی هەستیاریی دۆخی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا-ی ئۆكراینای نیشاندا، كە ئێستا لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی رووسیادایە، رایگەیاند: دۆخێكی مەترسیدار لەو وێستگە ئەتۆمییەدا هەیەو دەبێ چارەسەری پێویستی بۆ بدۆزرێتەوە.

لەبارەی پلانەكانی رووسیاش بۆ لكاندنی چەند ناوچەیەكی ئۆكراینا بۆسەر خاكی وڵاتەكەی لەرێگەی ئەنجامدانی راپرسییەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەو هەوڵەی بە كارێكی نایاسایی وەسفكردو وتی:" مۆسكۆ ناتوانێت كارێكی نایاسایی لەو شێوەیە بكات و سەروەریی وڵاتێكی دیكە پێشێل بكات". 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن