ئەردۆغان وەڵامی هەڕەشەكانی ئەمریكا دەداتەوە

جیهان

22/09/2022     ژمارەی بینراو 186

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا

راچڵەكین –

ئیدارەی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو بانكانەی توركیا دەكات كە بەنیازن لەرێگەی سیستمی پارەدانی (میر)ی رووسیا، مامەڵەی دارایی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بكەن، سەرۆكی توركیاش رایدەگەیەنێت، ئەو رەفتارەی واشنتۆن لەگەڵ دۆستایەتی نێوانمان یەكناگرێتەوەو رێوشوێنی گونجاویش دەگرینەبەر.

رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە دیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك رۆژنامەنووسی ئەمریكایی، كە لە (ماڵی توركی) لە شاری نیویۆرك بەڕێوەچوو، رایگەیاند: هۆشدارییەكەی ئەمریكا بە سەپاندنی سزا بەسەر بانكەكانی توركیا ئەگەر مامەڵەی دارایی لەگەڵ رووسیا لەرێگەی سیستمی پارەدانی (میر) بكەن، نە لەگەڵ دۆستایەتی نێوانمان و نە لەگەڵ پەیوەندییە ئابوورییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنكەرە یەكناگرێتەوە.

وتیشی:" ئەو هەنگاوانەی كە لەچوارچێوەی سزاكاندا دەگیرێنەبەر، لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەكانی توركیاوە هەڵسەنگاندنی بۆ دەكرێت و لەو روانگەیەشەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكەین".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشكرد كە توركیا رێوشوێنی جێگرەوەی هەیەو سبەی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان تاوتوێدەكرێت و بڕیاری كۆتاییشی لەبارەوە دەدرێت.

هۆشدارییەكەی ئەمریكا بۆ بانكەكانی توركیا، لەكاتێكدایە حكومەتی ئەنكەرە بەپێچەوانەی هەڵوێستی ئەمریكاو ئەوروپا، كە هەزاران سزایان بەسەر روسیادا سەپاندووە بەهۆی هێرشە سەربازییەكانی بۆسەر ئۆكراینا، بەشدار نەبووە لە سەپاندنی سزا بەسەر مۆسكۆ، تائێستاش پەیوەندییەكانی نێوانیان لەسەرجەم بوارەكانی سیاسی، دیپلۆماسی، بازرگانی و ئابووری، بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن