ئاسایش روونكردنەوە لەبارەی رووداوەكەی بازگەی سلێمانی دەدات

کوردستان

پێش 2 هەفتە     ژمارەی بینراو 766

راچڵەكین -

ئاسایشی سلێمانی زانیاری لەبارەی رووداوەكەی ئەمڕۆی بازگەی سلێمانی ئاشكرادەكات كە بەهۆی تەقەكردنەوە دوو كارمەندی ئاسایش بریندار بوون، راشیدەگەیەنێت، تۆمەتبارەكان بارێك چەكیان پێبووەو ویستوویانە بازگەكە بەبێ پشكنین تێپەڕێنن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەكاتێكدا هێزەكانمان لە ئەركی رەسمی و راپەڕاندنی رێكارە یاسایی و ئەمنییەكانی خۆیاندا بوون لە بازگەی سلێمانی، دوو ئۆتۆمبێل خاڵی پشكنین دەبەزێنن و هەڵدێن و رووبەڕووی هێزەكانمان دەبنەوەو دوو  كارمەندنی ئاسایش بریندار دەكەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، دوای گرتنەبەری رێكاری ئەمنی بەرامبەریان، ئەو تۆمەتبارەی تەقەی كردبوو بە برینداری دەستگیردەكرێت و ئۆتۆمبێلەكەی ترشیان لەڕێڕەوی خۆی لادەدات و وەردەگەڕێت و تۆمەتباری دووەهەمیش دەستگیركرا.

ئاسایشی سلێمانی ئاشكراشیكردووە، ‏‎دوای پشكنین دەركەوت لەناو ئۆتۆمبێلی یەكێك لە تۆمەتبارە هەڵهاتووەكان، بارێكی چەكی پێبووە( ٢٦٧ پارچەچەك ، فیشەك و تەقەمەنی ) و مەرامی بووە هەڵبێت و لەدەرەوەی یاسا خۆی دەرباز بكات.

‏‎رووداوەكە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووەو لێكۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە دەستیپێكردووە.

لە راگەیەندراوەكە باس لەوەشكراوە، كە بەپێی زانیارییەكان، دەركەوتووە تۆمەتباری لەیاسا هەڵهاتوو كە بەبرینداری دەستگیركرا، پێشتر لەلایەن دادگاوە داواكراوبووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن