ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران؛ لەخۆپیشاندانەكاندا زیاتر لە 200 كەس گیانیان لەدەستداوە

جیهان

03/12/2022     ژمارەی بینراو 246

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران بڵاویكردەوە، لە خۆپیشاندانەكاندا كە دوای مەرگی ژینا ئەمینی سەریانهەڵدا، زیاتر لە 200 كەس گیانیان لەدەستداوە كە ژمارەیەكیان كارمەندی هێزە ئەمنییەكانن.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانی ئیرنا، ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێران سەربە وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكە، راگەیەندراوێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكان كە ماوەی دوو مانگ و نیوە لە وڵاتەكە بەردەوامە، بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە:"سەرەڕای بوونی راپۆرتەكانی هەریەك لە پزیشكی داد كە باس لەوە دەكات هیچ كردەوەیەكی پۆلیس بەشێوەیەكی راستەوخۆ نەبووەتە هۆی مەرگی ژینا ئەمینی، و راپۆرتی پزیشكە پسپۆڕەكان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش، مردنی ئەو ژنە گەنجە وەك بەهانەیەك بۆ ئاڵۆزییەكان لە وڵات بەكارهێندراوە".

ئەوەش ڕوونكراوەتەوە، لە خۆپیشاندانەكاندا زیاتر لە ٢٠٠ كەس گیانیان لەدەستداوە كە كارمەندی هێزە ئەمنییەكانیشیان تێدایە بەڵام ژمارەیەك لە مەدەنییەكان لەلایەن "گرووپی نەیاری چەكداریی"ەوە كوژراون.

هەروەها تیشك خراوەتە سەر ئەوەی لە خۆپیشاندانەكاندا زیانێكی زۆر بە بڕی تریلیۆنەها تمەن بە موڵك و ماڵی گشتی و تایبەت گەیەندراوە.

ئەوەش لەكاتێكدا دێت، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەكانی سوپای پاسداران، ئەمیر عەلی حاجیزادە رۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی رابردووئاماژەی بەوە كردبوو زیاتر لە ٣٠٠ كەس لە خۆپیساندانەكاندا گیانیان لەدەستداوە كە ژمارەیەكیان كارمەندی هێزە ئەمنییەكانن.

رێكخراوی مافەكانی مرۆڤ لە ئێران كە بارەگاكەی لە نەرویجە، لە راپۆرتی رۆژی ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا، بڵاویكردەوە ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی لە ئاكامی بەرەنگاربوونەوەی خۆپیشاندانەكانی دوای مەرگی مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ ٤٤٨ كەس.

هاوكات میدیاكانی ئێران بڵاویان كردووەتەوە، لە ئاكامی خۆپیشاندانەكاندا، نزیكەی ٦٠ كارمەندی هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستداوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن