راچڵەكین –
سەرۆكوەزیرانی عیراق، پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق (پاڵەوانانی جامی كەنداو 25) كردو وەك رێزلێنانێك بەرامبەر ئەو سەركەوتنەی بەدەستیان هێنا، بڕیاریدا پارچەیەك زەوی و پاسپۆرتی دیپلۆماتی بداتە یاریزانانی هەڵبژاردەكە.
ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سوودانی، پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی عیراق كرد، كە توانییان ببنە پاڵەوانی جامی كەنداو 25.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاندووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە رێز لە یاریزانانی هەڵبژادەی نیشتمانی عیراق بگرێت بەبۆنەی بەدەستهێنانی 25مین جامی كەنداو، ئەوەش بە پێدانی پارچەیەك زەوی لە بەغدا، هەروەها پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماتیی بە سەرجەم یاریزانان.
رۆژی پێنجشەممە 19-1-2023، لەیاریی كۆتایی پاڵەوانیەتی جامی كەنداوی 25، كە لەشاری بەسڕە بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەی عیراق بە ئەنجامی 2-3 لە هەڵبژاردەی عومانی بردەوەو بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا، بووە پاڵەوانی جامی كەنداو.