سوودانی: پابەندین بە هاوبەشیی لەگەڵ ناتۆ

عێراق

24/01/2023     ژمارەی بینراو 100

راچڵەکین –

سەرۆک وەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سوودانی رایگەیاند کە ئاسایشی عیراق رەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیھان ھەیە و جەختشی لەوە کردەوە کە عیراق پابەندە بە ھاوبەشیی لەگەڵ ناتۆ.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی پێشوازیی کردووە لە فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەکانی ناتۆ، ئەدمیراڵ ستیوارت مۆنش و شاندی یاوەری و کۆبوونەتەوە.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، محەمەد شیاع سوودانی ھەڵوێستی ناتۆی بۆ پشتگیریکردنی عیراق لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر لەڕێگای راھێنان بە ھێزە ئەمنییەکانی عیراقەوە بەرز نرخاندووە و جەختشی کردووەتەوە لەسەری ئەوەی کە عیراق پابەندە بە بەردەومیدان بە ھاوبەشیی لەگەڵ ناتۆ.

سەرۆکوەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەداوە کە ئاسایشی وڵاتەکەی، رەنگدانەوەی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیھاندا ھەیە و رایگەیاندووە کە ھێزە ئەمنییەکانی عیراق لەڕووی تواناوە لە رووبەڕبووی تیرۆردا، گەیشتوونەتە قۆناغێکی باش و پێشکەوتوو.

لای خۆیەوە فەرماندە ھێزە ھاوبەشەکانی ناتۆ، ئەدمیراڵ ستیوارت مۆنش پابەندبوونی ناتۆی بۆ بەھێزکردنی توانای ھێزە ئەمنییەکانی عیراق لەڕێگای راھێنانەوە دووپات کردەوە و ئاماژەی بەئاستی ھەماھەنگی نێوان فەرماندەکانی ناتۆ و فەرماندە عیراقییەکان داوە، ھەروەھا توانای ھێزە ئەمنییەکانی عیراقی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا، بەرز نرخاند.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن