سوودانی: پێویستمان بە هێزی شەڕکەری بیانیی نییە

عێراق

25/01/2023     ژمارەی بینراو 188

راچڵەکین –

سەرۆك وەزیرانی عیراق جەختدەکاتەوە لەوەی وڵاتەکەی پێویستی بە هێزی سەربازیی بیانیی نییە بۆ پاراستنی ئاسایش و بەردەوامیش دەبێت پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بکەن.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عیراق پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ فەڕەنسا، وتارێکی لە رۆژنامەی لۆمۆند بڵاوکردەوە.

لە بەشێکی وتارەکەدا باسی لە پرسی توانای هێزەکانی عیراق و خواستی پتەوکردنی پەیوەندی سەربازیی لەگەڵ فەڕەنسا کرد و تێیدا هاتووە: "عیراق خوازیاری پتەوکردنی هاریکاریی سەربازی و ئەمنییە لەگەڵ فەڕەنسا، ئەمەش لەگەڵ ئامانجی بەرزکردنەوەی توانای هێزە ئەمنییەکانمان یەکدەگرێتەوە".

سوودانی راشیگەیاند عیراق پێویستی بە هێزی شەڕکەری بیانیی نییە، بەڵکو بوونی هێزی راوێژکاریی، پێداویستییەکانی لە رووی مەشق و دابینکردنی چەك پڕ دەکاتەوە، ئەمەش بەو مانایە دیت کە پێویستە بەردەوام بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بچینەوە.

سەرۆك وەزیرانی عیراق ستایشی فەڕەنساشی کرد کە لە کاتی جەنگی داعش و بە تایبەتیش رزگارکردنی موسڵدا، لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانە بووە کە هاوکاریی عیراقیان کردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن