رۆژی جیهانی زمانی دایك لەچییەوە هاتووە؟

ڕاپۆرت

21/02/2023     ژمارەی بینراو 294

راچڵەكین-

زمان بریتیە لەو دیاردەیەی، كە وەك رەگەزێك بۆ پەیوەندیكردن بەكاردەهێنرێت، رەگەزێكی سەرەكی رۆشنبیرییەو ئامرازێكە بۆ پاراستنی رۆشنبیری نەتەوەكان‌و گواستنەوەی ئەو رۆشنبیرییە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی تر.

رۆژی 21 ی شوباتی هەموو ساڵ رۆژی جیهانیی زمانی دایكە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرزڕادەگرن. لە جیھاندا 6 ھەزار زمان ھەن، بەڵام زۆریان مەترسی لەنێوچوونیان لەسەرە و زۆرترین خەڵك قسە بە 100 زمان دەكەن، زمانی كوردیش لە پلەی 59-یەمین زمانی جیهاندایە.

رۆژی جیهانیی زمانی دایك لەچییەوە هاتووە؟

رۆژی جیھانی زمانی دایك، لە رۆژی بزووتنەوەی زمانی ساڵی 1952ی بەنگلادیش (رۆژھەڵاتی پێشووی پاكستانی بەر لە سەربەخۆیی)ەوە سەرچاوەی گرتووە.

مێژووی ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی 21ی مانگی شوباتی ساڵی 1952، كاتێك پۆلیسی پاكستان به ‌‌فە‌رمانی دە‌وڵە‌ت تە‌قە‌ی له ‌‌ژمارەیەك خوێندكاری زانكۆی بە ڕەگەز بەنگلادیشی كرد، كە مانگرتنیان بۆ بەكارهێنانی زمانی بەنگالی لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی پاكستاندا ڕاگەیاندبوو، لە‌ ئە‌نجامدا  11 خوێندكار گیانیان لە‌دە‌ستدا. ساڵی 1956 دەوڵەت بەناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.

رێكخراوی یۆنسكۆی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵی 1999 رۆژی 21 ی شوباتی ھەموو ساڵێكی وەك رۆژی جیھانی زمانی دایك ناساند و ئەو رۆژەی وەك بیرھێنانەوەیەك بۆ قوربانیانی بەنگلادیش بە رۆژی زمانی دایك دیاریكرا.

پەرلەمانی ئەوروپاش لە 4/10/2006 بڕیاریدا زمانی قوتابخانە زمانی دایك بێت، هەموو كەسێكیش مافی ئەوەی هەبێت زمانەكانی تر فێرببێت، چونكە ئارەزووی فێربوون بۆ زمانی دووەم پێویستە، بەڵام بە ئارەزووی خۆی بێت‌و زۆركردنی سیاسی‌و كۆمەڵایەتی تێدا نەبێت.

زمان بە پێناسەی هەر گەلێك یا نەتەوەیەك دادەنرێت، لە ڕێگەیەوە شوناس و كلتوور و فەرهەنگی نەتەوەكان دیاری دەكرێت، نەتەوەی كورد لە هەر چوار بەشی كوردستان بە چوار زاراوەی سەرەكی قسە دەكەن كە بریتین لە ("زاراوەی كرمانجی باكور (كرمانجی)": بایەزیدی، هەكاری، بۆتانی، شەمدینانی، بەهدینانی، زاراوەی ڕۆژئاوا، "زاراوەی كرمانجی ناوەڕاست (سۆرانی)": موكریانی، سۆرانی، ئەردەڵانی، سلێمانی و گەرمیانی، "زاراوەی كرمانجی خواروو (لوڕ)": لوڕی ڕەسەن، بەختیاری، مامەسەنی، كۆهگڵۆ، لەك و كەلهوڕ، "زاراوەی گۆران": گۆرانی ڕەسەن، هەورامانی، باجەڵانی و زازا).

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن