وەزیری دارایی عیراق تەواوکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی راگەیاند

عێراق

12/03/2023     ژمارەی بینراو 318

راچڵەکین –

تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند: کە ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تەواوکراوە.

ئەمڕۆ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند: ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ تەواوکراوە و بەمەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە.

وەزیری دارایی عیراق ئاماژەی بەوەشداوە کە لە پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣دا، زیاتر گرنگی بە کارە لەپێشینەکانی گەشەپێدان، پاڵپشتیکردن لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی، چینی کەمدەرامەت و جێبەجێکردنی پرۆژە ستراستیجییەکان دراوە.

تەیف سامی وتیشی: "بەدرێژایی چەند مانگی رابردووی تەمەنی حکوومەتی نوێ، کارمان کرد بۆ ئەوەی بوودجەیەک ئامادە بکەین کە لەگەڵ پێداویستییەکانی ئابووریی عیراق، پلان و بەرنامەی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی دارایی و ئابوورییدا گونجاو بێت".

وردەکاری زیاتر لەبارەی ناوەڕۆکی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی عیراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ نەخراوەتەڕوو، بە تایبەتیش لەبارەی ئەوەی کە قەبارەی بوودجەکە چەندە.

پێشتر رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچە فەرمی بڵاوی کردبوویەوە کە تەیف سامی رایگەیاندووە، بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣، ١٤٠ ترلیۆن دینارە کە ٨٠ تریلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی حکوومەت تەرخان کراوە.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، موعین کازمی بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاند "لە بوودجەی ٢٠٢٣دا کە بە ١٤٠ تریلیۆن دینار ئامادەکراوە، ٨٠ تریلیۆن دینار بۆ بەکاربردن و ٦٠ تریلیۆن دیناریش بۆ وەبەرھێنان تەرخان کراوە"

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن