"هەموو قوربانییەکانی دەستی سەدام حسێن چاوەڕوانی ئەم ساتە بوون"

ڕاپۆرت

13/03/2023     ژمارەی بینراو 303

راچڵەکین -
دادگاییکردنی سەدام حسێن لە ساڵی ٢٠٠٥دا دەرفەتێک بوو بۆ عەلی حەسەن ئەلحەیدەری تا تۆڵەی لەسێدارەدانی براکانی و کەسانی دیکەی گوندەکەی بکاتەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی دیکتاتۆرەکەی عیراقەوە کوژراون.

حەیدەری کە یەکێک بوو لەو کەمینەیەی ئامادە بوو ڕووخساری خۆی لە کاتی شایەتیدان بۆ دادگاییکردنی پیاوە بەهێزەکەی پێشووی عیراق نیشان بدات، ڕایگەیاند "هەموو قوربانییەکانی دەستی سەدام حسێن چاوەڕوانی ئەم ساتە بوون".

حەیدەری کە لە دوای هەوڵێکی شکستخواردوو بۆ تیرۆرکردنی سەدام حسێن لە ساڵی ١٩٨٢، بۆ ماوەی چوار ساڵ دەستبەسەر کرا و ئەشکەنجە درا کاتێک هێزە ئەمنییەکان دەوری گوندی دوجەیلیان گرت. حەیدەری باسیشی لەوە کرد "ئەوەی کە لە سەردەمی سەدامدا ستەمی لێکرابوو، لەوێ وەستابوو و داوای مافی ستەملیکراوانیان دەکرد."

حەیدەری تەمەنی ١٤ ساڵ بوو کاتێک دەستبەسەر کرا و حەوت لە براکانی لە نێوان ئەو کەسانە بوون کە لە هەڵمەتێکی ئەمنیدا کوژران.

داواکارانی گشتی دەڵێن زیاتر لە ١٤٠ کەس، لە گوندی کشتوکاڵی موسڵمانی شیعە کە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر لە باکووری بەغدا دوورە، ڕاوەدوونراون و ئەشکەنجە دراون و کوژراون. هەروەها دەڵێن ئافرەتان و منداڵان ڕەوانەی کەمپێکی دەستبەسەرکرن کراون لە نێو بیاباندا و زۆرێکیان لەوێ دیار نەماون.

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە کاتی دادگاییکردنەوە پیشانی دەدات کە حەیدەری بە دادوەرەکان دەڵێت "ئەو بەرپرسە لە دەستبەسەرکردنم و لە دەستدانی داهاتووم و لە سێدارەدانی براکانم". ئەمە لە کاتێکدا بوو کە سەدام لە پشتییەوە ڕاوەستا بوو.

ڕێگەدان بە پیشاندانی ڕووخساری لە پەخشی تەلەفیزیۆنیدا مەترسی بە دواوە بوو، وەک خۆی دەڵێت "کاتێک دەچوومە دەرەوە لە ژێر ڕێوشوێنی ئەمنی تایبەتدا بووم و جموجوڵەکانم سنووردارن بوون."

دوای ڕووخانی سەدام، عیراق کەوتە ناو گێژاوەوە. رێکخراوی قاعیدە یاخیبوونی دەستپێکرد و زۆرجار مەزهەبی شیعەی دەکردە ئامانج کە حەیدەریش یەكێكە لە پەیڕەوانی مەزهەبەکە. شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ٢٠٠٦ تا ٢٠٠٨ هەڵگیرسا و لە ساڵی ٢٠١٤ رێکخراوی داعش یەک لەسەر سێی عیراقی گرت.

حەیدەر یەكێك بوو لەو کەسانەی کە لەسەر فەتوای عەلی سیستانی بەشداری لە بەرەنگاربوونەوەی داعش کرد و پاش زیاتر لە سێ ساڵ توانرا کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش بهێنرێت.

وەگێڕانی: نالی سالار

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن