ئێران؛ زیاتر لە ٣٦٠ کەس لە ئاهەنگەکانی چوارشەممەی سوور بوونەتە قوربانی

جیهان

14/03/2023     ژمارەی بینراو 203

راچڵەکین –
لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگەکانی چوارشەممەی سوور تا ئێستا ١٥ کەس لە ئێران گیانیان لەدەستداوە و ٣٥٣ کەسیش برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، جەعفەر میعادفەر سەرۆکی ناوەندی باری لەناکاوی ئێران رایگەیاند: لە رووداوانەی لە سەرەتای مانگەوە تا ئێستا لە میانی ئامادەکارییەکان بۆ ئاهەنگەکانی چوارشەممەی سوور لە شارەکانی تەورێز، تاران، هەمەدان، ورمێ و قەزوین روویانداوە، ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە.

باسی لەوە کرد کە لەو رووداوانەدا، ٣٥٣ کەس برینداربوون و لەکۆی ٤٩ کەس کە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە شەشیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.

سەرۆکی ناوەندی باری لەناکاوی ئێران باسی لەوەش کرد کە لە رووداوەکاندا، ٥١ کەس ئەندامی جەستەیان لەدەستداوە، ١٣٠ کەس بەشێکی جەستەیان سووتاوە و ٨٦ کەسیش چاویان برینداربووە و زۆرترین حاڵەتەکانی گیانلەدەستدانیش لە تارانی پایتەخت روویداوە.

شەوی چوارشەممەی سوور لە ئێران دوایین شەوی چوارشەممەی پێش هاتنی نەورۆزە، لەو شەوەدا خەڵکی ئاهەنگ دەگێڕن، بەتایبەتی منداڵان و گەنجان ئاگر دەکەنەوە و بەسەریدا باز دەدەن و یاری ئاگرین بە ئاسماندا هەڵدەدەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن