پاكستان.. بەهۆی خۆپیشاندانەوە دەیان كەس بریندار بوون

جیهان

18/03/2023     ژمارەی بینراو 143

راچڵەكین -

لە پاكستان بەهۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی و دروستبوونی گرژی و پێكدادان لەنێوان هێزەكانی پۆلیس و لایەنگرانی سەرۆكوەزیرانی پێشووی ئەو ولاتە، دەیان كەس لەهەردوولا بریندار بوون و ژمارەیەكی زۆر خۆپیشاندەریش دەستگیركران.

ئەمڕۆ شەممە، لەكاتی چوونی عیمران خان سەرۆكوەزیرانی پێشووی پاكستان بۆ بەردەم دادگا، كە بەچەند تۆمەتێك دادگایی دەكرێت، بە سەدان كەس لە لایەنگرانی ناوبراو رژانە سەر شەقامەكانی ئیسلام ئاباد-ی پایتەخت و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەگەڵ هێزەكانی پۆلیس دروستبوو.

بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی پاكستان بڵاوكراونەتەوە، عیمران خان كە بەمەبەستی ئامادەبوون لە دانیشتنی دادگاییكردنەكەیدا، لەشاری لاهورەوە چووەتە ئیسلام ئاباد، لە دەرەوەی بینای ئەو دادگایەی كە تیایدا دادگایی دەكرا، شەڕ لە نێوان هێزە ئەمنییەكان و لایەنگرانیدا روویدا.

هێزەكانی پۆلیس بە گازی فرمێسكڕێژ و داری كارەبایی، وەڵامی لایەنگرانی پارتی بزووتنەوەی دادپەروەری پاكستانیان دایەوە و لایەنگرانی پارتەكەش بەردو داریان گرتە پۆلیس.

لەئەنجامی پێكدادانەكانیش، دەیان كەس لە هێزەكانی پۆلیس و خۆپیشاندەران بریندار بوون، هاوكات ژمارەیەكی زۆر لە لایەنگرانی پارتی بزووتنەوەی دادپەروەری پاكستان، لەنێویشیاندا بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی پارتەكەی عیمران خان، دەستگیركران.

رۆژی ١٣ی ئەم مانگە، دوو فەرمانی دەستگیركردن بۆ عیمران خان دەرچوو، كە ئامادەی دانیشتنەكانی دادگاییكردنی نەدەبوو، دوێنێش دادگای باڵای ئیسلام ئاباد فەرمانی دەستگیركردنی عیمران خانی هەڵپەسارد، دوای ئەوەی ناوبراو رایگەیاند ئامادەی دانیشتنی دادگاییكردنەكەی دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەكان، 94 دۆسیە لە دژی سەرۆكوەزیرانی پێشووی پاكستان كراونەتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن