ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەکوێوە هات؟ چۆن و بۆچی بەربووە گیانی مرۆڤەکان؟

کەلتوور

05/04/2020     ژمارەی بینراو 838

 

پەنگۆلین؟ زۆر باش بزانە هیچ خەتای تۆ نەبوو، خەتای ئێمەی مرۆڤ بوو، ئێمە باجی لەناوبردنی تۆ دەدەین..!

پەنگۆلین خانەخوێی بازدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بووە بۆ مرۆڤ، بەڵام وەرن با بزانین بۆ وە چۆن ئەوە ڕوویدا؟

دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا SARS-CoV-2 کە دەبێتە هۆی نەخۆشی COVID-19 لە مرۆڤ، ڤایرۆسناسان لە چین و ئەمەریکا یەکسەر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد لە چۆنیەتی گەیشتنی ئەم جۆرە ڤایرۆسە نوێیەی کۆڕۆنا بۆ مرۆڤ، یەکسەر دوای دەرکەوتنی ڤایرۆسەکە شەمشەمەکوێرە هەروەها ماریش بوون بەو کاندیدانەی کە ڤایرۆسەکەیان لێوە هاتووە بۆ مرۆڤ، دەرکەوت کە بەڵێ ئەم جۆرە لە لەشی شەمشەمەکوێرەدا هەیە، بەڵام ئەو میوتەیشنەی لە ڤایرۆسەکەدا ڕوویداوە و وایکردوە مرۆڤ توشبکات لەناو لەشی شەمشەمەکوێرەدا ڕووی نەداوە، بەڵکو لەناو لەشی ئاژەڵی پەنگۆلیندا ڕوویداوە..!

بەڵام وەرن با بزانین دەیەها ساڵە مرۆڤ چی بەسەر پەنگۆلیندا هێناوە؟ ئەم کارەساتەی ئێستا ڕوودەدات ئەگەر کاردانەوەی سروشت نەبێت ئەی چی ترە؟

پەنگۆلین، ئەو ئاژەڵە شیردەرە بەستەزمانەیە کە ئێستا خەریکە ڕووبەڕووی قڕبوون دەبێتەوە لەسایەی دەستی مرۆڤەکان، گۆشتەکەی زۆر گرانبەهایە لە ووڵاتی چین، هەتا ئەم دوایەش ساڵانە پتر لە یەک ملیۆنی لێ ڕاودەکرا لە چین و ووڵاتانی تری ئاسیا، کارەکە گەیشتە ڕادەیەک چەند ساڵێکە ئەو ئاژەڵە توشی نیمچە قڕبوون بووە لە چین و ووڵاتەکانی تری ئاسیا، بۆیە قاچاغچیەکانی مامەڵەکردن بە ئاژەڵە کێویەکان لە ڕێگەی تۆڕێکی زۆر بێ ویژدان لە مرۆڤەکان چەند ساڵێک دەبێت ساڵانە سەدەها هەزار دانەی لە ووڵاتانی خواروی کیشوەری ئەفریقیاوە دەگەیەنن بە ووڵاتی چین..!

ئاژەڵی پەنگۆلین ئاژەڵێکی زۆر بەستەزمانە، لەبەر بەستەزمانیشی لەمرۆڤ ناترسێت بۆیە بەئاسانی بەدەست دەگیرێت، قاوغێکی پەڕ پەڕی ڕەقی هەیە بۆ ئەوەی خۆی لە پڵینگەکان و ئاژەڵە کێویە گۆشتخۆرکانی تر بپارێزێت و لەکاتی پێویست خۆی وەک تۆپ خڕ بکات، بەڵام بەداخەوە هیچ ئامرازێکی خۆپاراستنی نیە لە مرۆڤ، مرۆڤیش بە تایبەتی لە چین و ووڵاتانی تری ئاسیا ساڵەهای ساڵە بە ئاسانی بەدەست ڕاویان دەکەن و دەیانخۆن، هەتا لە کەلتوری چینیش ئێسقان و پەڕەکانی دەکەن بە دەرمان و دەیخۆن، بەچکە بچوکەکانیشی لە چین و ڤێتنام لەلایەن پیاوەکانەوە دەخورێت گوایە لەڕووی سێکسیەوە پیاوەکان بەهێز دەکات..!

لەوانەیە کۆڕۆنا ڕاچڵەکینێکی بەهێز بێت بۆ مرۆڤ، بەڵام دڵنیام ئەگەر مرۆڤەکانی دوای کۆڕۆنا ڕەفتارەکانیان نەگۆڕن دەرهەق بە ژینگە، ئەوا لەداهاتوودا ئەوان باجی زۆر زۆر قورستریش دەدەن..!

لوقمان حەوێز/ تێکساس

https://www.theweek.in/…/Animal-link-of-coronavirus-could-b…

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن