سەدان هەزار کەس بە هۆی مەلاریاوە گیانیان لەدەستداوە

تەندروستی

24/04/2023     ژمارەی بینراو 334

راچڵەکین –

هێشتا مەلاریا یەکێکە لەو نەخۆشیانەی لە جیهاندا بەربڵاوە و بە پیی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی سەدان ملیۆن کەس تووشی نەخۆشییەکە دەبن و ئاماری گیانلەدەستدانیش بە نەخۆشییەکە بەرزە.

٢٥ی نیسان، بە رۆژی جیهانیی مەلاریا دەناسرێت. مەلاریا کە لە مێشوولەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، نەخۆشییەکە لە ماوەی مانگێکدا نیشانەکانی دەبینرێت.

نیشانەکانی مەلاریا بە سەرئێشە، لاوازی، ئازاری سک، ماندووێتی، ئازاری ماسولکە و جومگەکان دەست پێ دەکات.

بەگوێرەی "راپۆرتی جیهانیی مەلاریا بۆ ٢٠٢٢" کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە بڵاوکراوەتەوە لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٢٤٧ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە مەلاریا لە جیهاندا تۆمار کراوە و ٦١٩ هەزار کەس بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستداوە.

لە ساڵی ٢٠٢١ لەسەدا ٩٥ی تووشبووان (٢٣٤ ملیۆن) و لەسەدا ٩٦ی حاڵەتەکانی مردن (٥٩٣ هەزار) لە ئەفریقادا تۆمار کراوە.

منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ، زۆرترین کاریگەریی مەلاریایان لەسەر بووە، لەسەدا ٨٠ی هەموو حاڵەتەکانی مردن بە نەخۆشیی مەلاریا لە ئەفریقا پێکدەهێنن.

نزیکەی لەسەدا دووی حاڵەتەکانی تووشبوون بە مەلاریا لە جیهاندا لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا و لەسەدا ٠،٢ لە ئەمریکا و لەسەدا ٢،٥ لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لەسەدا ٠،٦ لە وڵاتانی رۆژئاوای زەریای هێمن تۆمار کراون.

نێجیریا (لەسەدا ٢٧)، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات (لەسەدا ١٢)، ئۆگەندا (لەسەدا پێنج) و مۆزەمبیق (لەسەدا چوار) ئەو وڵاتانەن کە نزیکەی نیوەی کۆی گشتی حاڵەتەکانی تووشبوون بە مەلاریا لە ساڵی ٢٠٢١ پێکدەهێنن.

نێجیریا (لەسەدا ٣١)، کۆماری کۆنگۆی دیموکرات (لەسەدا ١٣)، نیجەر (لەسەدا چوار) و تانزانیا (لەسەدا چوار) ئەو چوار وڵاتەن کە زیاتر لە نیوەی حاڵەتەکی مردن بەهۆی مەلاریایان تیادا تۆمار کراوە.

لەبەرامبەردا ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە حاڵەتەکی تووشبوون بە مەلاریایان تیادا تۆمارکراوە لە جیهاندا بەرەو کەمبوونەوە دەڕوات. لە کاتێکدا ژمارەی ئەو وڵاتانەی لە ساڵی ٢٠٢٠دا حاڵەتەکانی تووشبوون بەو نەخۆشییەیان تیادا تۆمارکرا ١٠٨ وڵات بوو لە ساڵی ٢٠٢١دا بۆ ٨٤ وڵات کەمی کرد.

هاوکات ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە کەمتر لە ١٠ حاڵەتی تووشبوونیان تیادا تۆمار کراوە، لە ساڵی ٢٠٢١دا لە چوار وڵاتەوە بۆ ٢٥ وڵات بەرزبووەتەوە.

کاریگەرترین رێگا بۆ رێگریکردن لە حاڵەتی تووشبوون بە مەلاریا، دەستنیشانکردنی خێرا و بەکارهێنانی دەرمانی مەلاریایە (دژەمەلاریا).

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پێشنیازی بەکارهێنانی ڤاکسینی مەلاریا "RTS,S/AS01" دەکات کە لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ پەسەند کرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن