یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگری ئێران بۆ لەسێدارە درا؟

ڕاپۆرت

02/05/2023     ژمارەی بینراو 765

راچڵەكین-

یاریدەدەری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، كە بە تاوانی سیخوڕیكردن بۆ بەریتانیا لەسێدارەدرا، ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆی ئاشكرا كردووە و نهێنییە سەربازیی و ناوەكییەكانی ١٥ ساڵی حكوومەتی تارانی بە بەریتانیا راگەیاندووە.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز پشتبەستوو بە بەرپرسە هەواڵگرییەكانی ئێستا و پێشووی ئێران، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریكا، بڵاویكردووەتەوە، عەلی رەزا ئەكبەری كە بە تاوانی سیخوڕی لە ئێران لەسێدارەدرا، بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بەدیاریكراوی لە ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠١٩دا زانیارییە ستراتیجییەكانی ئێران كە نهێنییە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتەش لەخۆدەگرێت، گەیاندووەتە بەریتانیا.

لە هەواڵەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە، لە نیسانی ٢٠٠٨دا بەرپرسێكی باڵای هەواڵگری بەریتانیا سەردانی ئیسرائیلی كردووە و لە گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل دەربارەی نهێنییە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئەوەی پێڕاگەیاندوون كە لە ئێران سیخوڕێكیان هەیە، هەروەها ئەو زانیارییانەی پێداون كە لەڕێی ئەكبەرییەوە بەدەستیهێناون.

سەرچاوە ئەمنییە رۆژئاواییەكان بە رۆژنامەكەیان راگەیاندووە، ناوەندی پیتاندنی یۆرانیۆمی فۆردۆ و "چالاكییەكانی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی لەو وێستگەیە" لەنێو ئەو زانیارییانەدابوون كە ئەكبەری دزەیپێكردوون.

بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٠٨دا ئەم زانیارییانەی بە ئیسرائیل دا، ماوەیەكی كەم دواتر زانیارییەكان گەیشتە دەزگا هەواڵگرییەكانی رۆژئاوا. لە ئەیلوولی ٢٠٠٩دا و لە لووتكەیG7دا سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا، باراك ئۆباما لەگەڵ سەرۆكانی بەریتانیا و فەڕەنسا، ئەوەیان خستەڕوو كە ئێران لە شاری فۆردۆ ناوەندێكی پیتاندنی یۆرانیۆمی هەیە، دوای ئەمەش هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەرامبەر بە ئێران گۆڕانی بەسەرداهات.

رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ئەوەشی ئاشكرا كردووە، ئەكبەری بەدرێژایی ئەو ساڵانەی كاری سیخوڕی بۆ بەریتانیا كردووە، ناسنامە و چالاكی زیاتر لە ١٠٠ بەرپرسی ئێرانی ئاشكرا كردووە كە لەنێویاندا زانای ئەتۆمی ئێران، موحسین فەخریزادە هەبووە كە لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠دا و لەلایەن ئیسرائیلەوە لە تاران تیرۆر كرا.

وەزارەتی هەواڵگری ئێران لە سەرەتای مانگی كانوونی دووەمدا ئەوەی راگەیاند كە ئاشكرایان كردووە جێگری پێشووی وەزیری بەرگریی ئێران، عەلی رەزا ئەكبەری كاری سیخوڕی بۆ بەریتانیا دەكات.

دواتر لە ١١ی كانوونی دووەمدا دادگای گشتی ئێران، بە تاوانی ئەنجامدانی سیخوڕی سزای لەسێدارەدانی بەسەر ئەكبەریدا سەپاند كە لەپاڵ رەگەزنامەی ئێرانی خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانیشە، لە ١٤ی كانوونی دووەمیشدا بڕیاری لەسێدارەدانەكە جێبەجێ كرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن