سەرۆکایەتی کۆمار دەربارەی دۆخی تەندروستی د. لەتیف رەشید روونکردنەوە دەدات

عێراق

23/05/2023     ژمارەی بینراو 468

راچڵەکین –

سەرۆکایەتی کۆمار ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باسیان لەوە دەکرد، سەرۆککۆمار دوای گەڕانەوەی لە سلێمانییەوە بۆ بەغدا و لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکەکەیدا کەوتووە و برینداربووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا هەواڵێکی هەڵبەستراویان بڵاوکردەوە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە د، لەتیف رەشید سەرۆککۆمار لە کاتی دابەزینی لە فڕۆکە بریندار بووە، لەم بارەیەوە جەخت دەکەینەوە کە ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و سەرۆککۆمار تەندروستی باشە و وەک هەمیشە لە سەرۆکایەتی کۆماردا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ دەکات.

روونیشیکردەوە، بە درێژایی رۆژانی رابردوو و تا ئەم بەیانییە چەندین چالاکی ئەنجام داون کە لە دەزگاکانی راگەیاندندا بڵاوکراونەتەوە و ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەوەی لەلایەن هەندێک میدیا و سۆشیال میدیاوە بڵاوکرایەوە و نا راستە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرچاوە و ئامانجی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە ناراستە ئاشکرایە و دەویسترێت لەو رێیەوە پشێوی لە کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دروست بکرێت.

جەختیش دەکاتەوە کە رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو دەزگایانە دەگرنەبەر.

فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار داواشی لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە پێش بڵاوکردنەوەی هەر هەواڵێك لە راستی و دروستی دڵنیا ببنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن