حكومەتی هەرێم لەبارەی مووچەوە بڕیارێك دەردەكات

کوردستان

24/05/2023     ژمارەی بینراو 329

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری ڕێكخستنەوەی دارایی گشتیی و بەناوەندیكردنی مووچە پەسەند دەكات و هۆشداریش بە بەغدا دەدات لە هەمواركردن و گۆڕانكاری لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق لە دەرەوەی بڕگەكانی ڕێككەوتن و لەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی فەرمانگەی میدیاو زانیاری، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی پڕۆژە یاسای بودجە فیدراڵ بۆ ساڵانی 2023 و 2024 و 2025 وگفتوگۆكردن لەسەر ئەو ماددە و بڕگانەی پەیوەندیدارن بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە 2023/5/2 هەندێك لە مادەكانی هەموار كرایەوە و لە ناویشیدا گۆڕانكاری لە ماددەی 12 و لابردنی ئەو دەستەواژەیەی مەترسی بوو لەسەر ناردنی شایستەی دارایی هەرێم.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە هەوڵی چەند ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق درا ، كە هەوڵی هەمواركردنەوەی ماددەكانی 13 و 14یان دا ، و پێشنیارەكانیان دژی ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستانە كە ڕێككەوتنی لەسەركراوە و لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوو حكومەتی هەرێم وفیدرال پەسەندكراون و لە چوارچێوەی ڕێكەوتنی 2023/4/4 و پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق جێگیركراون.

سەرۆك وەزیران كورتەیەكی دەربارەی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرال بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو، كە دەرئەنجام ڕێككەوتننامەی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدرالی لێكەوتەوە بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هەردوولا و لەسەر بنەمای دەستوور و دابینكردنی شایستەی هەرێم لە پڕۆژە یاسای بودجەدا، بۆیە دەبێت پەلە بكرێت لە پەسەندكردنی بودجە و ڕێز لە مافە و شایستە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان بگیرێت و هیچ هەمواركردن و گۆڕانكارییەك لە پڕۆژەكە نەكرێت لە دەرەوەی بڕگەكانی ڕێككەوتن ولەیەكتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان هەردوولا.

سەرۆك وەزیران دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، هەموو پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكردووە، بۆیە لەبەرامبەردا حكومەتی فیدراڵیش دەبێت ئەركی سەرشانی جێبەجێ بكات و ماف و شایستەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی عێراق دابین بكات .

لە كۆتایی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە شاندی دانوستانكار بەردەوام بێت لە پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانیەكان بۆ ڕێگریكردن لە هەر هەوڵێك بە ئاراستەی پێشێلكردنی ماف و شایستەكانی هەرێم كە دەستوور جێگیری كردوون و لە ناو ڕێككەوتنی نێوان هەردوو حكومەت وپڕۆژە یاسای بودجە ڕەنگیان داوەتەوە.

سەبارەت بە شایستەی دارایی هەرێم لە ماوەی ئەم 5 مانگەی ی ساڵی 2023، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی پەسەندكرد بە ناردنی نووسراو بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی بەغدا، بۆ كاركردن بە ماددەی 13 لە یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی ساڵی 2019، بە ڕەوانەكردنی یەك لەسەر دوانزدەی خەرجیە كردارییەكانی هەرێم لە ساڵی پێشوو كە لە لایەن تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی و وردبینی كراوە، هاوشێوەی ئەو میكانیزمەی كە خەرجیەكانی پارێزگاكانی دیكەی عێراقی پێ خەرج دەكرێت لە 2023/1/1 ەوە و نابێت جیاكاریی بكرێت لە نێوان هەرێم و ناوچەكانی دیكەی عێراق لەم ڕووەوە، هەرێمیش ئامادەیە بۆ هەر پابەندییەك بكەوێتە ئەستۆی لەبەر ڕۆشنایی یاسای ئیدارەی دارایی فیدڕاڵیی.


لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی دانانی میكانیزمی پێویست بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ڕێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێم.

دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و پێشنیاركردنی چەند هەمواركردنێك، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ سەرجەم بڕگەكانی بڕیارەكەی پەسەند كرد بە ڕەچاوكردنی ئەو هەموارانەی لە لایەن ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدران.

سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران دووپاتی گرنگی ئەم بڕیارەیان كردەوە كە جارێكی دیكە بنەماكانی دارایی گشتی لە هەرێم دادەڕێژێتەوە بە ئاراستەی بە ناوەندییكردنی داهات وخەرجیەكان و بە ناوەندییكردنی مووچە لەسەرتاسەری هەرێم كە كاری لە پێشینەی بێت پێش هەر خەرجیەكی دیكە و پەیڕەوكردنی یەكسانیی و ژمارەی دانیشتووان بۆ خەرجیەكان (جگە لە مووچە) نەك پەیڕەوكردنی دابەشكردنی ڕێژەكاریی لە سەر ئاستی داهاتی پارێزگا.

ئەنجومەنی وەزیران سەرجەم وەزیرەكانی ڕاسپارد لە ئێستاوە پلانی جێبەجێكردنی بڕگەكانی ئەم بڕیارە دابڕێژن و بۆ زەمانەتی جێبەجێكردنی بڕیارەكەش، بۆردێكی باڵای پشتیوانی پێكهێنرا بۆ ئاسانكاریی و لابردنی بەربەست وئاستەنگەكان.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان لەلایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایەڕوو. ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە بەرزكردنەوەی ئاستی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەكان و خزمەتگوزارییەكانیانە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا كە دەرفەت بدرێت بە ئەنجومەنی وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان كە لە هەمانكاتدا ئەندامی ئەنجومەنی وەزارەتن دوا خستنەڕووی بۆ بكەن ، تا ئامادە بكرێت بۆ دەنگدانی كۆتایی لە كۆبونەوەكانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن