فراكسیۆنی یەكێتی لەبەغدا مژدەی خۆشی بۆ فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم پێیە

کوردستان

24/05/2023     ژمارەی بینراو 2310

راچڵەكین -

فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لەناو پرۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق گرەنتی دەكات، بەشێوەیەك ئەگەر كورتهێنانیش لە بودجەدا رووبدات، كارنەكاتە سەر دواخستنی پێدانی مووچە.

سەرچاوەیەك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، تایبەت بە راچڵەكینی راگەیاند: داوامان لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كردووە، ماددەیەك بۆ پرۆژەیاسای بودجە زیاد بكات، كە دوو گرەنتی تێدابێت، گرەنتی یەكەم ئەوەیە ئەولەویەت بۆ دابەشكردنی مووچە بێت، بەشێوەیەك ئەگەر نرخی نەوت دابەزی و كورتهێنانی گەورەش لە بودجەدا دروستبوو، هیچ هۆكارێك نەبێتە هۆی دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە لەعیراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە.

سەرچاوەكە وتیشی:" گرەنتی دووەم كە كاردەكەین لە یاسای بودجەدا بیچەسپێنین، پارەی بودجە وەكو یەك و بەیەكسانی بدرێت بە پارێزگاكان، لە حاڵەتێكشدا ئەگەر حكومەتی هەرێم جیاكاریی لەنێوان سلێمانی و پارێزگاكانی دیكەی هەرێم كرد، ئەوكاتە حكومەتی فیدراڵی خۆی سەرپشك بێت بەپێی رێژەی دانیشتووان، مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی پارێزگای سلێمانی بنێرێت".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن