ئێلۆن ماسك دووبارە نازناوی "دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان"ی بەدەستهێنایەوە

هەمەڕەنگ

01/06/2023     ژمارەی بینراو 317

راچڵەكین-

سەرمایەداری ئەمریكی، ئێلۆن ماسك جارێكی دیكە نازناوی "دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان"ی بەدەستهێنایەوە، ئەمەش دوای ئەوە هات كە لە مانگی نیساندا، سەرمایەداری فەڕەنسی، بێرنار ئارنو ئەو نازناوەی لە ماسك سەندبوو.

ئاژانسی هەواڵیی یونایتد پرێس ئینتەرناشناڵ "UPI"ی ئەمریكی بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی ژمارەی پشكەكانی بێرنار ئارنوی سەرۆكی كۆمپانیای "LVMH" بۆ بەرهەمهێنانی جلوبەرگی گرانبەها لە مانگی نیساندا كەمیان كردووە، جارێكی دیكە ئێلۆن ماسك نازناوی "دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان"ی بدەستهێناوەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، لەلیستی "٥٠٠ دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان"دا، ماسك بە ١٩٢ ملیار دۆلار لە ریزبەندی یەكەمدایە.

هەرچەندە لە مانگی نیساندا، بێرنار ئارنو بە سەروەتە ٢١١ ملیار دۆلارەكەی نازناوەكەی لە ماسك سەند، بەڵام دوای لەدەستدانی بەشێك لە پشكەكانی كۆمپانیاكەی سەروەتەكەی بۆ ١٨٧ ملیار دۆلار كەمی كرد.

لە مانگی نیساندا، بەهای پشكەكانی "LVMH" بە رێژەی سەدا ١٠ كەمی كردووە و بەمهۆیەشەوە ئارنو لە یەك رۆژدا، ١١ ملیار دۆلاری لەدەستداوە.

خاوەنی ئامازۆن، جێف بێزۆس بە ١٤٤ ملیار دۆلار لە ریزبەندی سێیەمی لیستی "دەوڵەمەندترین پیاوانی جیهان"دایە و دوای ئەویش خاوەنی مایكرۆسۆفت بە ١٢٥ ملیار دۆلار لە ریزبەندی چوارەمی لیستەكەدایە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن