شەڕی ناوخۆی سوودان و مەترسی جیابوونەوەیەكی دیكە

ڕاپۆرت

15/07/2023     ژمارەی بینراو 274

راچڵەكین -

شەڕی ناوخۆی سوودان كە لەرۆژی 15ی نیسانی ئەمساڵ لەنێوان هێزەكانی سوپاو هێزەكانی پشتیوانی خێرا لە خەرتوم-ی پایتەخت دەستیپێكرد، پێدەنێتە مانگی چوارەمی و تائێستاش هیچ ئاسۆیەك بۆ كۆتایی هێنانی شەڕەكە بەدیناكرێت و چەند سیناریۆیەك باسدەكرێن، كە مەترسیدارترینیان دابەشبوونی وڵاتەكەیە بۆ چەند بەشێك.

پێكدادانە چەكدارییەكان لەنێوان هاوپەیمانەكانی دوێنێ و نەیارەكانی ئەمڕۆ، كە بریتین لە عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆكی ئەنجومەنی سەروەریی سودان و محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حمێدتی، فەرماندەی هێزەكانی پشتیوانی خێرا، سەرباری هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەكان، تائێستاش بەردەوامەو لەهەندێ ناوچەی سوودان تەشەنەی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە، بەم هۆیەشەوە هەزاران كەس كوژران و زیاتر لە سێ ملیۆن كەسیش ئاوارە بوون.

وڵاتی سوودان كە لەڕووی رووبەرەوە سێیەم گەورەترین وڵاتی ئەفریقایە و خاوەنی سامانێكی زۆری سرووشتییە، ماوەی چوار مانگە بەهۆی پێكدادانی نێوان سوپای ئەو وڵاتە و هێزەكانی پشتیوانی خێرا، لە دۆخێكی ناهەمواردایە و پێناچێت بەزوویی ئەم پێكدادانانە كۆتاییان بێت.

سوپای سوودان هێزەكانی پشتیوانی خێرا بە دەستپێكردنی پێكدادانەكان تۆمەتبار دەكات و رووداوەكان وەك یاخیبوون وەسف دەكات، لە بەرامبەریشدا هێزەكانی پشتیوانی خێرا بانگەشەی ئەوە دەكەن كە سوپا لەژێر كۆنتڕۆڵی لایەنگرانی رژێمی پێشوو و ئەندامانی بزووتنەوە ئیسلامییەكاندایە و پێكدادانەكان وەك خەباتی خۆیان لەپێناو دیموكراسی و ئازادی ناودەبەن.

هەردوولا خۆیان بە راست دەزانن و لەبەر ئەوەی متمانەیان بە تواناكانی خۆیان هەیە، پێیانوایە دەتوانن لایەنی بەرامبەر ببەزێنن، بەهۆی شەرعیەتدان بە چالاكیی لایەنەكان، نەبوونی هەڕەشەی سەپاندنی سزا و فشاری نێودەوڵەتیی، رێككەوتنەكانی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوام پێشێل دەكرێن.

- پیكدادانی دوورودرێژ رەنگە ببێتە هۆی رووخانی دەوڵەت

دەربارەی ئایندەی شەڕی ناوخۆی سوودان شەش سیناریۆی جیاواز باس دەكرێن. سیناریۆی یەكەم باس لەوە دەكات كە ئەگەر پێكدادانەكان بەردەوام بن ئەوا شەڕی ناوخۆ شارە جیاوازەكانی سوودان دەگرێتەوەو مەترسی ئەوە هەیە ببێتە هۆی رووخانی دەوڵەت.

سیناریۆی دووەمیش باس لەوە دەكات كە ئەگەر سوپای سوودان بە تەواوی خەڕتووم-ی پایتەخت كۆنتڕۆڵ بكات، ئەگەر زۆرە پێكدادانەكان بگوازرێنەوە بۆ ویلایەتی دارفوور كە دەكەوێتە سەر سنووری وڵاتی چاد و بە ناوەندی هێزەكانی پشتیوانی خێرا ناودەبرێت.

بەپێچەوانەی ئەم سیناریۆیەشەوە، ئەگەر لە بری سوپا، هێزەكانی پشتیوانی خێرا خەڕتووم كۆنترۆڵ بكەن، ئەوا پێكدادانەكان روو دەكەنە شارەكانی باكوور و رۆژهەڵاتی سوودان.

چاودێران پێیانوایە كە ئەگەر خەڕتووم بكەوێتە دەست هێزەكانی پشتیوانی خێرا ئەوا سوپای سوودان لە ١٨ ویلایەتی ئەو وڵاتە تەنها دوو بژاردەی لەبەردەم دەمێنێت، یان خۆی بدات بەدەست هێزەكانی پشتیوانی خێرا، یان شەڕێكی زۆر فراوانتر لە ویلایەتەكانی دیكە روودەدات.

- سیناریۆی پارچە پارچەبوونی وڵات

دوای پێكدادانی چەندین ساڵەی حكومەتی ناوەندی و جوداخوازانی باشووری سوودان، دواجار لە ساڵی ٢٠١١دا "باشووری سوودان" سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا، لە ئێستاشدا سیناریۆی ئەوە لە ئارادایە لەتبوونێكی دیكە لە رۆژئاوای سوودان رووبدات، ئەگەر هەیە لایەنە جوداخوازەكانیش كە چەندین ساڵە خەباتی چەكداری دەكەن، دابەشبوون وەك چارەسەرێك ببینن.

- ئەگەری ملكەچكردنی لایەنەكان لەڕێی فشاری نێودەوڵەتییەوە

ناچاركردنی لایەنەكان بە راگەیاندنی ئاگربەست و كۆتاییهێنان بە جەنگ لەڕێی فشاری نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتیی ئەفریقا، وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی دراوسێی سوودان و هەڕەشەی سەپاندنی سزا، یەكێكی دیكەیە لە سیناریۆكان.

كۆتا سیناریۆش تەقینەوەی رق و توڕەیی گەلی سوودانە كە چەندین ساڵە بەدەست قەیرانی ئابووری و سیاسییەوە دەناڵێنن، ئەمەش وەك یەكێك لە رێگاكانی فشار بۆ كۆتاییهێنان بە پێكدادانەكانی هەردوولا دەبینرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن