لێكۆڵینەوە لە هۆكاری گیانلەدەستدانی منداڵێكی تازە لەدایكبوو دەكرێت

کوردستان

09/04/2020     ژمارەی بینراو 440

راچڵەكین

سێ پەرلەمانتار گومان لە هۆكاری گیانلەدەستدانی منداڵە تازەلەدایكبووەكەی بالیسان دەكەن كە لە هەولێر بەڵێننامە بە باوكی پڕكراوەتەوە، داواش لە وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ دەكەن لێكۆڵینەوە لەو دۆسیەیە بكەن.

هەریەك لە سەركۆ ئازاد گەڵاڵی و هاوڕێ مەلا ستارو سۆران عومەر ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، لە نوسراوێكدا، بەدواداچوون بۆ هۆكاری گیانلەدەستدانی ئەو منداڵەی ناحیەی بالیسان دەكەن كە لەیەكێك لە نەخوشخانەكانی هەولێر لەدایكبوو، پاشان بە مەرجی پڕكردنەوەی بەڵێننامە بە باوكی، تەرمەكەی رادەستدەكەنەوە.

دەقی نوسراوەكە:

بەڵێن نامەیەكی نایاسایی و مردنێكی گوماناوی 

پاش بە دواداچون و قسەكردن لە گەڵ ئاراس ڕەسوڵ باوكی منداڵە مردووەكەی كە بەڵێننامەیەكی نا یاسایی پێ واژوو كراوە، ئەمە دەرئەنجام و وردەكاری ڕوداوی گیانلەدەستدانی منداڵەكەی بالیسانە.

شەوی ڕابردوو كاتژمێر ٩ ھاوسەری ھاوڵاتی ئاراس رەسوڵ حسن لە نەخۆشخانەی بالیسان بە ڕێگەپێدانی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایك بوونی فێركاری ھەولێر دەكرێت، لە دوو بازگە چەند كاتژمێرێك ڕێگریان لێدەكرێت، بۆیە كاتژمێر یەكی شەو دەگاتە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبونی ھەولێر.

بەیانی ئەمڕۆ بە ووتەی ھاوڵاتی ئاراس رەسول حسن، منداڵەكیان لە دایك دەبێت، پاشان ئاگاداری دەكەن منداڵەكە مردووەو پێوستە ئەم بەلێننامەیە پڕبكاتەوە، ئەوكاتە دەتوانن تەرمی منداڵە تازە لە دایكبووەكە وەربگرنەوە !

ئەوەی لێرەدا پێویستە وەزارتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی بەدەم كەیسەكەوە بێن و لێكۆڵینەوەو لێپرسینەوە بكەن:

١- چۆن ئافرەتێكی دووگیان بە رێگەپێدانی تەندروستییەوە لە دوو بازگە چەندین كاتژمێر رادەگیرێت؟

٢- بە چ یاسا و ڕێنمایی و بڕیارێك منداڵێكی ساوای تازە لە دایك بوو كە مردووە، بەڵێننامایەكی پێ پردەكەنەوە بەرامبەر پێدانەوەی تەرمەكەی، لە ناو بەڵێننامەكەدا ئەوەی لێ وەرگیراوە كە نابێت بچێتە پزیشكی دادی !!! وە لە ھەمان كاتدا نابێت بە ھیچ شێوەیك سكاڵا لەسەر ھۆكاری مردنەكەی تۆمار بكات .

ئەم بەڵێننامە گومانی تەواو دەخاتە سەر ھۆكاری مردنەكە.

وەك پەرلەمانتاران بە شوێن ئەنجامی لێكۆلینەوە لەم دۆسیە دەبین.

ئەو بەلێننامەش نەك بەتاڵە، بەڵكو پێوستە رێكاریی یاسایی بەرامبەر ئەو كەسانەی كە ئەم بەڵێننامەی پێ واژووكردووە، پێویستە دەستبەجێ ھۆكاری مردنی منداڵەكەش ئاشكرا بكرێت .

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی 
ھاوڕێ مەلا ستار
سۆران عومەر

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن