چەند وڵاتێكی ئەوروپا بڕیارێك لەدژی ئۆكراینا دەدەن

جیهان

13/09/2023     ژمارەی بینراو 978

راچڵەكین -

چەند وڵاتێكی ئەوروپا بڕیار دەدەن وادەی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی دانەوێڵە لە ئۆكرایناوە بۆ وڵاتەكانیان، درێژبكەنەوە، حكومەتی كیێڤ-یش بڕیارەكە بە هەنگاوێكی دژ بە بەرژەوەندیی وڵاتەكەیان وەسفدەكات.

هەریەك لە وڵاتانی هەنگاریا، پۆڵەندا، رۆمانیا، سلۆڤاكیا و بولگاریا، رەزامەندییان دا لەسەر درێژكردنەوەی وادەی بڕیارێكی پێشوویان بۆ قەدەغەكردنی هاوردەكردنی دانەوێڵە لە ئۆكراینا، كە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە كۆتایی دێت.
ستیڤان ناگی، وەزیری كشتوكاڵی هەنگاریا، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیرانی كشتوكاڵی پۆڵەنداو رۆمانیاو سلۆڤاكیا و بولگاریا رێككەوتین لەسەر بەردەوامبوون لە هاوردەنەكردنی هیچ جۆرە دانەوێڵەیەكی ئۆكراینا، ئەم بڕیارەش لە بەرژەوەندی بەروبوومی ناوخۆیی وڵاتەكانماندایە.

پێشتر یەكێتی ئەوروپا رێگەی بەو پێنج وڵاتە دابوو تا ناوەڕاستی ئەم مانگە، دانەوێڵە لە ئۆكرایناوە هاوردە نەكەن، بەڵام لەدوای 16ی مانگەوە پَویستە دووبارە گرێبەست لەگەڵ حكومەتی كیێڤ بكەن بەمەبەستی دەستكردن بە هاوردەكردنی چەند جۆرێك دانەوێڵە.

وەزیری كشتوكاڵی هەنگاریا ئاماژەی بەوەكرد، هەر پێنج وڵاتەكە بڕیاری خۆمان داوەو بۆ ماوەیەكی دیكە هاوردەكردنی دانەوێڵەی ئۆكراینی قەدەغە دەكەین، گرنگیش بە هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا نادەین.

لەكاردانەوەی ئەو هەنگاوەش، حكومەتی ئۆكراینا رایگەیاند: بڕیارەكەی ئەو پێنج وڵاتەی ئەوروپا، دژ بە بەرژەوەندییەكانمانە، لەكاتێكدا ئێمە لە شەڕێكی سەخت و دژوارداین بەرامبەر رووسیاو پێویستیمان بە داهاتە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن