راچڵەكین -
رووسیا دوو دیپلۆماتكاری باڵای ئەمریكی نیشتەجێی وڵاتەكەی بە ئەنجامدانی كاری نایاسایی تۆمەتبار دەكات و بڕیاری دەركردنیان لەسەر خاكی وڵاتەكەی دەدات.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا رەخنەی توندی لە دیپۆماتكارانی ئەمریكا لە مۆسكۆ گرت و بەئەنجامدانی كاری نایاسایی تۆمەتباری كردن، ئاماژەی بەوەشكرد بۆ ئەو مەبەستە باڵیۆزی ئەمریكایان لە مۆسكۆ بانگهیشتكردووەو ناڕەزایی توندیان پێراگەیاندووە.
وەزارەتەكە باسی لەوەشكردووە، هەریەك لە جیڤری سیلین، سكرتێری یەكەمی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە مۆسكۆو دەیڤد بیرنشتاین، سكرتێری دووەمی باڵیۆزخانەكە، تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی كاری نایاسایی، كە پێچەوانەی عورفی دیپلۆماسییە، بە باڵیۆزەكە راگەیەندراوە كە ئەو دوو دیپۆماتكارەی ئەمریكا لەلایەن رووسیاوە بە كەسانی ناپەسەند دەستنیشان كراون و بڕیاری دەركردنیان لەسەر خاكی رووسیا دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ماوەی حەوت رۆژی بۆ ئەو دوو دیپلۆماتكارەی ئەمریكا دیاریكردووە بۆ جێهێشتنی خاكی وڵاتەكەی، ئاشكراشیكردووە، كارە نایاساییەكەیان بریتییە لە پەیوەندیكردن بە هاووڵاتییەكی رووسی و راسپاردنیان بە ئەنجامدانی كردەوەیەك كە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا دەگەیەنێت، بەڵێنیشیان پێداوە لەبەرامبەر ئەو كارە، بڕێك پارەی پێبدەن.
تائێستا ئەمریكا هیچ روونكردنەوەیەكی لەبارەی بڕیارەكەی رووسیا نەداوەو ئەو تۆمەتەشی رەتنەكردووەتەوە كە ئاڕاستەی دوو دیپلۆماتكارەكەیان لەمۆسكۆ كراوە.
لەدوای دەستپێكردنی هێرشە سەربازییەكانی رووسیا بۆسەر ئۆكراینا لە 24-2-2022، پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان مۆسكۆ و واشنتۆن رووی لە گرژی كردووەو ئیدارەی ئەمریكاش دەیان پاكێجی سزای جۆراوجۆری بەسەر رووسیادا سەپاندووە.