زێلێنسكی سەردانی ئەمریكا دەكات

جیهان

15/09/2023     ژمارەی بینراو 154

راچڵەكین-

بڕیارە هەفتەی داهاتوو، سەرۆكی ئۆكراینا، سەردانی ئەمریكا بكات، ئەوەش بەدووەم سەردانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسكی بۆ ئەو وڵاتە ئەژمار دەكرێت لەدوای دەستپێكردنی شەڕی ئۆكراینا- رووسیا.

بەرپرسانی ئەمریكی كە نەیانویست ناویان بڵاوبكرێتەوە، باسیان لەوە كرد، سەردانەكەی زێلێنسكی لە پاش بەشداری كردنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، ئەنجام دەدرێت.

زێلێنسكی، ڕۆژی پێنج شەممەی هەفتەی داهاتوو لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن لە كۆشكی سپی كۆدەبێتەوە.

لە ئێستادا لە كۆنگرێسی ئەمریكادا هاوكاریی زیادە بەبڕی 21 ملیار دۆلار بۆ ئۆكراینا گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت و بووەتە بابەتی مشتومڕ. هەندێك لە كۆماریخوازەكانی ناو كۆنگرێس بەپێویستی دەزانن كۆتایی بهێندرێت بە هاوكارییەكانی ئۆكراینا و كەمكردنەوەی خەرجییەكان لە بوودجەی فیدراڵیدا بكرێت.

لە كانوونی یەكەمی 2022دا، زێلێنسكی سەردانی واشنتۆنی كرد و لە كۆنگرێس گوتاری پێشكەش كرد و باسی لەوە كرد كە ئەو هاوكارییانەی پێشكەش بە ئۆكراینا دەكرێن بەخشیش نیین، بەڵكو وەبەرهێنانە لە ئاسایشی جیهانیی و دیموكراسییدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن