رووسیا زەبرێكی گەورە لە سوپای ئۆكراینا دەدات

جیهان

17/09/2023     ژمارەی بینراو 341

راچڵەكین -

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایدەگەیەنێت، هێزەكانی ئۆكراینا لە حەوت قۆڵەوە هێرشی فراوانیان بۆسەر هێزەكانیان ئەنجامداوەو سەرجەمیان شكستیان هێناو زیاتر لە 620 سەربازیشیان كوژران.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە، هێزەكانی ئۆكراینا بە پاڵپشتی چەكدارە بەكرێگیراوە بیانییەكان، لە حەوت قۆڵەوە هێرشی زەمینی و ئاسمانیی بەرفراوانیان بۆسەر سەنگەرەكانی بەرگریی رووسیا ئەنجامداوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هێرشەكانی سەپای ئۆكراینا لەیەك كاتدا بۆسەر بەرەكانی شەڕ لە دۆنێتسك، زاپۆرۆژیا، كراسنی لیمان، باشووری دۆنێتسك، كۆبیانسك، خێرسۆن و خاركۆف، ئەنجامدراون و رووبەڕووی بەرگرییەكی سەخت لەلایەن سوپای رووسیا بوونەتەوەو سەرجەمیان تێكشكێندراون.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشكرایكردووە، لەئەنجامی هێرشە شكستخواردووەكانی ئۆكراینا، 625 سەربازیان كوژراون و 28 درۆنیشیان خراونەتە خواروە، هەروەها چەندین سەكۆی موشەهاوێژی هایمارس و هارم-ی دروستكراوی ئەمریكا و دەیان شەكی قورس و رادار لەناوبراون.

ماوەی سێ مانگە سوپای ئۆكرانیا هێرشی پێچەوانەی دەستپێكردووە بەئامانجی كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی كە لەلایەن سوپای رووسیاوە داگیركراوە، هەرچەندە بەرپرسانی ئۆكراینا رایدەگەیەنن كە هێزەكانیان توانیوانە رووبەرێكی فراوانی ئەو ناوچانە كۆنترۆڵ بكەنەوە، بەڵام وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوەو رایدەگەیەنێت، هێزەكانی ئۆكراینا نەك هیچ سەركەوتنێكیان لەئەنجامی هێرشە پێچەوانەكەیان بەدست نەهێناوە، بەڵكو زیانێكی زۆریان بەركەوتووەو جگە لە كوژرانی دەیان هەزار سەرباز، هاوكات زیاتر لە نیوەی ئەو چەكە قورس و پێشكەوتووانەشیان لەدەستداوە كە لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی ئەوروپاوە رادەستیان كرابوو.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن