ئەمریكا هۆشداری بە چین دەدات

جیهان

17/09/2023     ژمارەی بینراو 321

راچڵەكین -

ئەمریكا هۆشداری بە چین دەدات لەهەر هەوڵێك بۆ هێرشكردنە سەر تایوان، فەرماندەیەیەكی باڵای سەربازیی ئەو وڵاتەش رایدەگەیەنێت: هێرشكردنە سەر تایوان هەڵەیەكی گەورەی ستراتیجییەو ئەمریكاش دەتوانێت رێگری لێ بكات.

مارك میلی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەگەرێكی كراوەیە كە چین لەهەر كاتێكدا هێرش بكاتە سەر تایوان، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەی ستراتیجییەو ئەمریكا قبوڵی ناكات.

ئەو فەرماندە سەربازییەكەی ئەمریكا وتیشی:" بەردەوام دەبین لە هاوكاریكردنی تایوان و پابەندیش دەبین بەو رێككەوتنەی لەگەڵ حكومەتی ئەو وڵاتە واژۆمان كردووە، كە ئامانج لێی گرەنتی پاراستنیەتی لەهەر هێرش و پەلامارێكی سەربازی".

مارك میلی هۆشداریشی دایە پەكین لەهەر هەوڵێك بۆ هێرشكردنە سەر تایوان و داگیركردنی، وتی:" هیوادارین چین هەڵەیەكی گەورەی ستراتیجیی لەو شێوەیە نەكات، كە لێكەوتەكانی زۆر گەورەو كاریگەر دەبێت".

ئەم هۆشدارییەی سەرۆكی دەستەی ئەركانی هاوبەشی ئەمریكا، لەكاتێكدایە چین چەندین جار ناڕەزایی خۆی بەرامبەر پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو تایوان دەربڕیوەو بە دەستوەردان لەكاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی وەسفی كردووە، بەو پێیەی تائێستاش دروگەی تایوان بە بەشێكی دانەبڕاو لە خاكی چین وەسفدەكات. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن