ئێران هەڕەشەی هەنگاوی سەربازی لەخاكی هەرێم و عیراقدا دەكات

جیهان

18/09/2023     ژمارەی بینراو 680

راچڵەكین-

وەزیری بەرگری ئێران دەڵێت، لەئێستادا تەنها بەشێكی رێكەوتنی ئەمنی نێوان وڵاتەكەیی و عیراق جێبەجێ كراوە. هەڕەشەی جوڵەی سەربازی ئێران دەكات ئەگەر رێكەوتنەكە وەك خۆی جێبەجێ نەكرێت.

محەممەد ڕەزا ئاشتیانی، لەلێدوانێكدا كە میدیاكانی ئێران بە دوا هۆشداری بۆ دەسەڵاتدارانی عیراق و هەرێمی كوردستان گواستویانەتەوە رایگەیاندوە، دوای پێداچونەوە بەو ڕێوشوێنانەی كە پێش كۆتایی هاتنی وادەی دیاریكراو گیراونەتەبەر، هەنگاوە سەربازیەكانیان دەستپێدەكەن.

ئاشكراشیكردوە، "ئەو هەنگاوانەی بەغدا و هەولێر گرتویانەتەبەر، سەرەڕای گرنگییەكەیان، هێشتا بەتەواوی مەرجەكانی ئێرانیان بەدی نەهێناوە".

دەشڵێت، "هەنگاوێكی سەربازیی بە ئامانجگرتنی هێزە كوردییەكان لە هەرێمی كوردستانی عیراق جێبەجێدەكەین لە ئەگەری جێبەجێنەكردنی هەموو ئەو مەرجانەی كە لە ڕێككەوتنە ئەمنییەكەدا ڕێككەوتنی لەسەر كرابوو."

وەزیری بەرگری ئێران دەڵێت، لە دوایین كاتژمێرەكانی پێش كۆتایی هاتنی وادەی دیاریكراودا كە 19ی ئەم مانگەیە، هەڵسەنگاندن بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە لەلایەن عێراقەوە دەكەن.

لە 19ی ئاداری 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆكوەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سوودانی ڕێككەوتننامەیەكی ئەمنیی ھاوبەش لەنێوان عیراق و ئێران واژوو كرا كە قاسم ئەعرەجی بە نوێنەرایەتیی عیراق و سكرتێری گشتیی پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی بە نوێنەرایەتیی ئێران واژوویان كرد.

ڕێككەوتننامە ئەمنییەكەی نێوان عێراق و ئێران سێ بڕگە لەخۆدەگرێت كە بریتین لە:

ــ ڕێگریكردن لە دزەكردنی چەكداران ئەوەیش دوای بڵاوكردنەوەی پاسەوانی سنوور

ــ ڕادەستكردنی داواكراوان كە بەپێی یاسا فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەركراوە و مەبەست لێی سەركردەی ئەو حیزبانەن (حزبە دژبەرە كوردەكانی ئێران)

ــ چەكداماڵین و گواستنەوەیان بۆ كەمپەكان (كە لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە بۆیان دابین دەكرێت) و لەگەڵ داخستنی سەربازگەكان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن