راچڵەكین-
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و جارێكی تر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە دەخاتەوە دەنگدانەوە.
دوێنێ یەكشەممە فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا كارنامەی دانشتنەكەی ئەمڕۆ دووشەممەی بڵاوكردەوە.
بەپێی كارنامەكە، دانیشتنەكە، ژمارەیەك تەوەر لەخۆدەگرێت كە یەكێكیان تایبەتە بەدەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە.
ڕۆژی 13ی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رێكارە فیدراڵییەكانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجەی پەسەند كرد و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت.
هاوكات ڕۆژی چواری مانگی ئایاری 2023، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە كرد.
پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە لە چوار ماددە پێكھاتووە كە لە یەكەم ماددەی پڕۆژەیاساكە ئاماژە بەوەكرداوە، ھەڵەبجە دەبێتە 19ھەمین پارێزگای عێراق كە ناوەندی پارێزگاكەیش شاری ھەڵەبجە دەبێت و لە مادەی دووەمیشدا ھاتووە: " حكومەتی ھەرێم بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی عێراق سنووریی یەكە ئكارگێڕییەكانی پارێزگای ھەڵەبجە دیاری دەكەن".
ھەروەھا لە پرۆژەیاساكەدا باس لەوە كراوە كە حكومەتی ھەرێم و حكوومەتی عێراق پابەندن بە جێبەجێكردنی پڕۆژەیاسای بە پاریزگابوونی ھەڵەبجە.
چاوەڕان دەكریت دوای پەسندكردنی پڕۆژەیاسای بە پاریزگابوونی ھەڵەبجە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، پڕۆژەیاساكە ڕەوانەی سەرۆكایەتیی كۆمار بكرێت بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت و دواتر لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەكرێتەوە بۆ ئەوەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.