هاوپەیمانییەكەی عامری: لەم سێ‌ مانگەدا حكومەتی هەرێم تاقیدەكرێتەوە

کوردستان

18/09/2023     ژمارەی بینراو 296

 

راچڵەكین- 

 

هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، هۆكاری ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بۆ ناردنی قەرزی دارایی نوێ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و دەڵێت"لەم سێ‌ مانگەدا حكومەتی هەرێم تاقیدەكرێتەوە". 

عائید هیلالی سەركردە لە هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە:"چەند هۆكارێك هەن كە وایانكرد حكومەتی فیدراڵ پارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێرێت، لەوانە لایەنی مرۆیی، بەو پێیەی فەرمانبەرانی هەرێم هاووڵاتی عیراقین، و مووچەی مانگانەیان لە دەوڵەتی عێراقەوەیە، بە تایبەت لەئێستادا كە هەرێم دووچاری كەمی داهات بووەتەوە". 

بە وتەی هیلالی:"ئەو پرسە رەنگە بكەوێتە چوارچێوەی ڕێككەوتنە سیاسییەكان و پێدەچێت ببێتە مایەی چارەسەری تەواوەتی تەنگژەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لە ئایندەیەكی نزیكدا، بە تایبەت كە پرسەكە بەرگەی چارەسەری كاتی و دواخستن ناگرێت". 

ئەو سەركردەیەی فەتح بەپێویستی دەزانێت:"كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان هەموویان چارەسەر بكرێن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لەماوەی سێ مانگی داهاتوو دەبێتە تاقیكردنەوە بۆ حكومەتی هەرێم، لەڕووی مامەڵەكردن و هەڵكردن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ". 

لە دوای سەردانی ئەم دواییەی شاندەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بڕیاریدا بڕی 2 ترلیۆن و 100 ملیار دینار بە سێ‌ گوژمە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت كە بۆ سێ‌ مانگ دەچێت مووچەیان وەرنەگرتووە. 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن