پەرلەمان بڕیارێك لەدژی پاسەوانەكانی حەلبوسی هەڵدەوەشێنێتەوە

عێراق

15/11/2023     ژمارەی بینراو 520

راچڵەكین -

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیارێكی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی پاسەوانەكانی محەمەد حەلبوسی، هەڵدەوەشێنێتەوەو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەش لە هۆكاری دەركردنی بڕیارەكە پێكدەهێنێت.

بەگوێرەی هەواڵێكی ماڵپەڕی شەفەق نیوز، شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوە كە ئەمڕۆ چوارشەممە، بەواژۆی فەلاح مەتڕود عەبودی، بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كارگێڕیی پەرلەمان دەرچووە بۆ كۆتایی هێنان بە گرێبەستی 48 پاسەوانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، كە دوێنێ بە بڕیارێكی دادگای باڵای فیدراڵی، ئەندامییەتی لە پەرلەمان هەڵوەشێندرایەوە.

ماڵپەڕەكە راگەیەندراوێكی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا هاتووە، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریداوە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری كۆتایی هێنان بە گرێبەستی پاسەوانەكانی حەلبوسی و بڕیارەكەی بە هەڵسوكەوتێكی كەسیی بەڕێوەبەری گشتی كاروباری كارگێڕیی پەرلەمان، وەسفكردووە.

هاوكات، بڕیاریش دراوە بە پێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتەو گرتنەبەری توندترین سزا لەدژی ئەو بەڕێوەبەرەی كە بڕیارەكەی دەركردووە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن