راچڵەكین-
وەزیری دەرەوەی ئێران رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی بیەوێت، جەنگی غەززە لەنێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس فراوان ببێت.
حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە رۆژنامەی فایننشاڵ تایمزی بەریتانی راگەیاندووە"بە ئەمەریكاییەكانمان وتووە، ئێران نایەوێت شەڕ و پێكدادانی نێوان ئیسرائیل و حەماس فراوان ببێت، بەڵام ئەگەر هێرشەكان و تاوانەكانی دژ بە خەڵكی غەززە و كەناری رۆژئاوا بەردەوام بن، ئەگەرەكان بۆ فراوانبوونی شەڕ كراوە دەبن".
بە وتەی وەزیری دەرەوەی ئێران:"لە دەستپێكی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ئێران و ئەمەریكا لەڕێگەی باڵیۆزی سویسرا لە تاران پەیامیان ئاڵوگۆڕكردووە، دەكرێت واشنتۆن و تاران لەو بارەیەوە راستەوخۆ گفتووگۆ بكەن".
كەرتی غەززە كە چەند ساڵێكە گەمارۆدراوە، لەو دەمەی بزوتنەوەی حەماس ئۆپەرۆاسیۆنی "گەردەلولی ئەقسا"ی دەستپێكرد، رووبەڕووی بۆردومانێكی چڕبووەتەوە و هەزاران كەس بەو هۆیەوە بوونەتە قوربانی.