ئەمریكا سزا بەسەر ژمارەیەك فەرماندەی گروپە چەكدارەكانی عیراق دەسەپێنێت

عێراق

17/11/2023     ژمارەی بینراو 318

راچڵەكین -

ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریدا سزا بەسەر ژمارەیەك فەرماندەی گروپە چەكدارەكانی عیراق بسەپێنێت كە تۆمەتبارن بە هەبوونی پەیوەندی بەو هێرش و پەلامارانەی كراونەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاو هێزی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەی كۆنتڕۆڵكردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا، بڕیاردرا ئەبو ئالائی وەلائی، ئەمینداری گشتی كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا و شەش فەرماندەو بەرپرسی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عیراقی بخرێنە ناو لیستی سزاكانی ئەمریكا.
 
وەزارەتەكە ئاشكرایكردووە، ئەو كەسانەی خراونەتە ناو لیستی سزادراوەكان، پەیوەندییان بەو هێرش و پەلامارانەوە هەیە كە لەماوەی رابردوودا كراونەتە سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانان لە عیراق و سووریا.

بەپێی بڕیارە نوێیەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، ئەو كەسانەی سزادراون، سەرجەم سەروەت و سامانەكانیان لەناوخۆی ئەمریكا یان هەر شوێنێكی دیكە كە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكادایە، بلۆك دەكرێت و هەموو جۆرە مامەڵەیەكی دارایی لەگەڵیان قەدەغە دەكرێت.

سزا نوێیەكەی ئەمریكا بەسەر ئەو فەرماندانەی گروپە چەكدارەكانی عیراق لەكاتێكدایە پێشتر واشنتۆن چەند گروپێكی چەكداری عیراقی وەك رێكخراوی تیرۆریستی ناساندبوو، لەوانەش حزبوڵلای عیراقی و كەتیبەكانی سەیدولشوهەدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن